۱۳۹۵/۰۲/۲۳


سیاسەتی بێبەشكردنی جووتیارانی خووزستان لە ئاو، كوژراوێكی لێ كەوتەوە


سیاسەتی بێبەشكردنی جووتیارانی خووزستان لە ئاو، كوژراوێكی لێ كەوتەوە

كوردستان میدیا: ناكۆكیی نێوان چەند بنەماڵە لە سەر دابەشكردنی ئاوی كشتوكاڵی لە ناوچەی "شووش" سەر بە بەخشی "فەتحولموبین"ی پارێزگای خووزستان، كوژراوێك و سێ برینداری لێ كەوتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حكوومەتیی ئیرنا، ئەو تێكهەڵچوونە پاشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بانەمەڕ لە ناوچەی "چەنانە"ی شاری شووش ڕووی داوە.
كوژراوەكە و بریندارانی ئەو تێكهەڵچوونە هەر سێكیان كەسوكاری یەكتر بوون و تەمەنیان لە نێوان ٣٠ تا ٣٣ ساڵدا بووە.


بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، بكوژەكە كە لاوێكی تەمەن ٢٧ ساڵ بووە، لە لایەن هێزی ئینتزامیی ڕێژیمەوە دەستبەسەر كراوە.

موستەفا نەزەری، دادستانی شووش ڕۆژی سێ شەممە ٢١ی بانەمەڕ بە هەواڵدەریی ئیرنای وت ئەو تێكهەڵچوونە بەهۆی ناكۆكی لە سەر دابەشكردنی ئاوی كشتوكاڵی لە نێوان دوو بنەماڵەی سەر بە هۆزێكدا هاتۆتە ئاراوە و شەش كەس لە شەڕەكەدا بەشدار بوونە.

كوژران و برینداربوونی ئەو چەند كەسە بە تەقەی چەكی كڵاشینكۆف بووە.

بەخشی "فەتحولموبین"ی شارستانی شووش، شارێك و ٤١ گوند لە خۆ دەگرێت و زیاتر لە ٢٦ هەزار كەس لەو ناوچەیەدا دەژین. شووش لە مەودای ١٠٠ كیلۆمتریی "ئەهواز" ناوەندی پارێزگای خووزستاندا هەڵكەوتووە.

شایانی باسە لە چەند ساڵی ڕابردوودا سیاسەت دروستكردنی بەنداوەكان و پرۆژەكانی گواستنەوەی ئاو لە سەرچاوە ئاوییەكانی زاگرۆسەوە بۆ ناوچەكانی ناوەڕاستی ئێران، كەرتی كشتوكاڵی خووزستانی وەكوو یەكێك لە جەمسەرەكانی كشتوكاڵی ئێران، لەگەل َقەیرانی كەمبوونی ئاو و وشكەساڵی بەرەوڕوو كردووە.