۱۳۹۵/۰۲/۲۳


سووکایەتیی بەرپرسانی ڕژیم بە فەرهەنگ و زمانی نەتەوەکانی ئێران بەردەوامە


سووکایەتیی بەرپرسانی ڕژیم بە فەرهەنگ و زمانی نەتەوەکانی ئێران بەردەوامە

کوردستان میدیا: ڕێژیم و دامودەزگاکانی لە ژێر ناوی چالاکی و فێستیڤاڵی کولتووری‌دا، سووکایەتی بە نەتەوەکانی ئێران دەکەن و هەوڵی سڕینەوە و دوورخستنەوەی خەڵک لە ویست و مافە نەتەوەییەکانیان دەدەن.
ڕۆژی سێ‌شەممە ٢١ی بانەمەڕ، لە کرانەوەی فێستیڤاڵێکی بەناو فەرهەنگیدا، پارێزگاری ڕێژیم لە سنە، قسەی کردووە و لەوێدا باسی لەوە کردووە کە کرانەوەی ئەو فێستیڤاڵە بۆ ڕێزگرتن لە هەمەڕەنگیی فەرهەنگی لە ئێراندایە.
ئەو فێستیڤاڵە کە بە ناوی فێستیڤاڵی فەرهەنگیی ئەقوام بەڕێوە چووە، هەر لە نێونانەکەیدا دیارە کە ڕێژیم بە سووکایەتییەوە ناوی نەتەوەکانی ئێران دەبا.
لە درێژەی قسەکانیدا پارێزگای سنە دەڵێ کە؛ فرەیی فەرهەنگی بۆ "وەحدەت"ی فەرهەنگی دەتوانن کەڵکی باشی لێ وەربگرن و بیکەن بە وەحدەت. بەپێی بۆچوون و ڕوانگەی ڕێژیمی ئیسلامیی تاران، وەحدەت واتە توانەوە و سڕینەوەی هەموو جیاوازییەکان و زاڵکردنی یەک زمان و یەک کولتوور و یەک ئیدئۆلۆژی، کە سەپاندنی زمان و کولتووری فارسی و ئیدئۆلۆژیی ویلایەتی فەقیهی بەسەر خەڵکدایە.

هەر لە درێژەی قسەکانیدا پارێزگای سنە، باس لەوە دەکات کە بە سیاسەتی فەرهەنگیی دروست دەتوان کەڵک لە وردە فەرهەنگەکان وەربگرن. کە ئەمەش دەرخەری ئەوپەڕی سووکایەتیی ڕێژیم بە کولتووری نەتەوەکانی ئێرانە کە تا ئاستی وردە فەرهەنگ دایان دەبەزێنێ .

جێگەی ئاماژەیە کە پیشتر لە چەندین بابەت و وتوێژ و کاری بە ناو لێکۆڵینەوەیی‌دا، کەسانی ئەمنیەتیی بەناو فەرهەنگی‌کار، باسیان لە پەرەدان بە وردە فەرهەنگەکان کردبوو کە مەبەستیان لەوە سووک کردنی فەرهەنگی نەتەوەکانی ئێران و هەروەها پەرەدەان بە وردە فەرهەنگی لاوەکی لە پێناوی ئاڵۆزی دروستکردن لە نێو نەتەوە ستەملێکراوەکان و دابەشکردنی هەرچی زیاتری فەرهەنگیی ئەوانە.