۱۳۹۵/۰۲/۱۹


کاسبی لە سەقز بەرەڕووی تەنگوچەڵەمە بووەتەوە


کاسبی لە سەقز بەرەڕووی تەنگوچەڵەمە بووەتەوە

کوردستان میدیا: هێزەکانی ڕژیم بە ڕاودوونانی خەڵکی کاسبکار لە سەقز، گوزەرانی ژیانیان بەرەڕووی کێشە و ئاستەم کردوەتەوە.
بە پێی ئەو هەواڵانەی کەلە سەقز گەیشتوونەتە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"، لە ڕۆژی چوارشەممە، پولیسی ئەو شارە دەستی داوەتە ڕاوەدوونانی کاسبکارانی سەرسنوور و بە ڕۆژی ڕووناک لە خەڵکیی دەدەن.
لەم پێوەندییەدا هێزی ئینیزامی لە پشت پاساژی ئەڵماس، ماشینی کاسبکارێکی کوردیان داوەتە بەر گوللە و هێرشیان کردووەتە سەر ئەو هاووڵاتییە.


لە ڕاپۆرتی گەیشتوودا باس لەوەکراوە کە خەڵکی ئەو گەڕەکە و شەقامە بە بینینی ئەو ڕووداوە، دێنەدەست و پێش بە گرتنی کاسبکاری کورد دەگرن.

هاتنی خەڵکی بۆ ناو ڕووداوەکە دەبێتە هۆی تێکهەڵچوونی ‌هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم و خەڵکی سەقز کە ڕزگارکردنی کەسی دەستبەسەرکراوی لێدەکەوێتەوە.

ئەو ڕووداوە لەپاش کرانەوەی کاتیی سنوورەکان و دەستپێکردنی ئاڵوێری بازەرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دێتەئاراوە.

هەر لەو بارەیەوە ڕاگەیندرا کە هێزی ئینتیزامی سەقز لە دوێنێوە خەریکی کونتڕۆڵ کردن و بینینەوەی دووبارەی کامێرای سەرشەقامەکانە بۆ ئەوەی کە کەسی کاسبکار دەستگیر بکەن.

نەبوونی کارگە و سەرمایەی دەوڵەتی لە کوردستان هۆکاری سەرەکی بێکاری هەزاران کەس بەتایبەتی لاوەکانە کە کاسبی سەرسنوور و هێنانی شتومەک، سەرەڕای کێشە و مەترسییەکانی، تەنیا سەرچاوەی بژێوی خەڵکەکەیە.