۱۳۹۵/۰۲/۱۹


عەلی نەسیرییان ڕەخنە لە سانسۆر لە ئێراندا دەگرێت


عەلی نەسیرییان ڕەخنە لە سانسۆر لە ئێراندا دەگرێت

کوردستان میدیا: عەلی نەسیرییان هونەرپیشەی ناسراوی ئێران لە وتووێژێکدا ڕەخنە لە ئەوپەڕگیریی زیاد لە حەدی سانسۆڕ لە تەلەفزیۆن و سینەمای ئێراندا دەگرێت.
عەلی نەسیرییان ئەکتەری بەناوبانگی ئێران، کە بە ڕۆڵگێڕی لە فیلمی"گاو"دا پێی نایە دنیای سینەمای ئێران و تا ئێستاش یەکێکە لە بلیمەتەکانی سینما و تی‌ڤی ئەو وڵاتە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ بڵاوکراوەی "کتاب هفتە"، باس لە ئەوپەڕگیری و زیدەڕۆیی لە بواری سانسۆڕ لە ئێراندا دەکات و دەڵێت: "هەموو وزەی بەرهەمێکی هونەری وشک دەکەن و هەربۆیەش بەردەنگ ناتوانێت پەیوەندی لەگەڵ ئەو بەرهەمە بگرێت". لە بەشێکی دیکەی ئەو وتووێژەدا، نەسیری ئاماژە بە سانسۆڕی توند لەسەر ژنانی هونەرمەندی بواری سینما و تەلەفزیۆن دەکات و دەڵێت: "گۆرەوی دەکەنە دەستی ژنان بۆ ئەوەی مەچەکیان دەرنەکەوێت و ملیان دادەپۆشن، ئەمانە هەستیاریی لەڕادەبەدەرن و پێویست نین".


شایانی باسە کە پێشتریش ٣٠ ئەکتەری ژنی ئێرانی ڕەخنەیان لە گەندەڵی لە تەلەفزیۆنی ئێراندا گرتووە.

لە هەواڵێکی دیکەی هاوشێوەدا و هەر لە درێژەی سیستمی سانسۆڕی حکومەتیی ئێراندا، ڕۆژی هەینی ١٧ی بانەمەڕ، بیست‌ونۆهەمین پیشانگای کتێبی تاران پاش لەبێژنگ‌دانی سێ قۆناغیی کتێبەکان، کرایەوە. لەو پیشانگایەدا سەرەڕای بێژنگ کردنی پێشوەخت، کۆمەڵێکی دیکە لە کتێبەکان کە لەگەڵ ڕوانگەکانی نیزامی دەسەڵاتدار یەکیان نەدەگرتەوە، لەنێو پیشانگایەکە کۆ کرانەوە.

عەلی فرەیدوونی بەرپرسی چاوەدێریی ناوەرۆکی بەشی نێونەتەوەیی کتێبەکان، لەو پەیوەندییەدا گوتی: "ئەو کتێبانەی کە لە باری ناوەرۆکەوە لەگەڵ بنەماکانی نیزامی ئیسلامیی ئێمە ناکۆکن" وەلا دەنرێن.