۱۳۹۵/۰۲/۱۶


جان کێری هۆشدار دەداتە بەشار ئەسەد


جان کێری هۆشدار دەداتە بەشار ئەسەد

کوردستان میدیا: جان کێری، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، سەبارەت بە کۆتایی هێنان بە شەڕ وئاڵۆزی لە سوورییە لە ڕێی هێزی نیزامییەوە، هۆشدار دەداتە ئەسەد.
پەرەسەندنی شەڕ و ئاڵۆزیی و قەیران لە سوورییە و بە تایبەتی بەم دواییە لە شاری حەلەب، وا پێدەچی کاریگەریی لەسەر دەوامی ئاگر بەسی سوورییە دابنێ. لە ماوەی یەک حەوتووی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٥٠ کەس لە شەڕ و پێکدادانەکانی سوورییەدا کوژراون.


جان کێری، وەزیری دەرەوەی ئامریکا، هۆشدار دەداتە سەرۆک کۆماری سوورییە و دەڵێت؛ "پەنا بردن بۆ هێزی نیزامی، چارەسەری کۆتایی هێنان بە شەڕی نێوخۆیی وڵاتەکەی نیە"و لەو پەیوەندییەدا بەشار ئەسەد لە دواهاتە نەرێنییەکانی توندوتیژییەکان لە سوورییە ئاگادار دەکاتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، وەزیری دەرەوەی ڕووسیە، ڕۆژی سێ‏شەممە ١٤ی بانەمەڕ ڕایگەیاند کە؛ پێدەچێت ئاگربەستی یەک لایەنەی دەوڵەتی سووریە شاری حەلەبیش بگرێتەوە.

ستێفان دیمێستۆرا نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە قەیرانی سوورییە، پاش دیدارێک لە مۆسکۆ لەگەڵ سێرگێئی لاورۆف وەزیری دەرەوەی ڕووسیە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە؛ "ڕووسیە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و ئامریکا لە ڕاوێژدایە بۆ ئەوەی لە پاش لازقییە و دەمێشق، شاری حەلەبیش بخرێتە بازنەی ئاگر بەسی سوورییەوە".

دەوڵەتی ئامریکا ئۆباڵی کوژرانی ٥٥ کەس لە نەخۆشخانەیەکی دژبەرانی ڕێژیمی سوورییە دەخاتە ئەستۆی دەوڵەتی ئەسەد و کێری ڕاشکاوانە ڕایگەیاند کە؛ هەتا ئەسەد لە دەسەڵاتدا بێت، دژبەران لە دژایەتی کردنی ناوستنەوە. ناوبراو ئەوەشی دەڵێت کە ئەسەد ڕێگایەکی هەڵەی گرتۆتە بەر و شەڕ و تێکهاڵچوون لە سوورییە بەم شیوەیە کۆتایی پێ نایەت.