خۆپیشاندانی بەغدا، گۆمەكەی عێراقی قووڵتر كرد
كوردستان میدیا: خۆپیشاندانەكانی دوێنێی شاری بەغدا ٣ كوژراو و سەدان برینداری لێ كەوتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەكان، پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی ٣١ی بانەمەڕ، پاش ئەوەی كە خۆپیشاندەران لە شاری بەغدا هێرشیان كردە سەر ناوچەی سەوز و دەروازەكانی ئەو ناوچەیان تێكشكاند، گرژی و ئاڵۆزی هاتە ئاراوە. سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە لەو خۆپیشاندانەدا بەهۆی بەكارهێنانی دار، گازی فرمێسكڕێژ و دەستڕێژی گوللە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ٣ كەس كوژراون و نزیكەی ٦٠٠ كەسیش بریندار بوونە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەكان، پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی ٣١ی بانەمەڕ، پاش ئەوەی كە خۆپیشاندەران لە شاری بەغدا هێرشیان كردە سەر ناوچەی سەوز و دەروازەكانی ئەو ناوچەیان تێكشكاند، گرژی و ئاڵۆزی هاتە ئاراوە. سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە لەو خۆپیشاندانەدا بەهۆی بەكارهێنانی دار، گازی فرمێسكڕێژ و دەستڕێژی گوللە لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ٣ كەس كوژراون و نزیكەی ٦٠٠ كەسیش بریندار بوونە.
سەرەڕای توندوتیژیی هێزە ئەمنییەكان، بەشێك لە خۆپیشاندەران گەیشتنە نێو نووسینگەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و نێو باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران. بەهۆی بەردەوامبوونی گرژی و ئاڵۆزییەكان، باری نائاسایی لە بەغدا ڕاگەیەندرا و هاتوچۆكردن تا كاتێكی نادیار قەدەغە كرا، هەروەها سەرجەم دەروازەكانی بەغداش داخران.
بەڵام چەند كاتژمێر دواتر، عەبادی بڕیارەكەی هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند ناوچەی سەوز چۆڵ كراوە و بارودۆخ لەژێر كۆنترۆڵدایە.
عەبدولغەنی سەعدوون، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی كەرتی ڕەسافە ڕایگەیاند، لە نەخۆشخانەكەیاندا پێشوازی لە نزیكەی ٥٠٠ بریندار كراوە.
بەگوتەی ناوبراو، زۆربەیان بەهۆی بەركەوتنیان بە گازی فرمێسكڕێژ تەنگەنەفەس ببوون، یان بەهۆی بەكارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە تووشی شكانی ئەندامانی جەستەیان هاتوون.
هاوكات جاسب عوجامی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی كەرخ ڕایگەیاند، ئەوانیش پێشوازییان لە زیاتر لە ٧٠ بریندار كردووە، زۆربەشیان شوێنەواری لێدان بە جەستەیانەوە دیار بووە، یان بە هۆی گازی فرمێسكڕێژەوە تەنگەنەفەس بوونە.
ناڕەزایەتیی خۆپیشاندان تەنیا لە بەغدا نەمایەوە، بەڵكوو سێ پارێزگای دیكەشی گرتەوە. لە بابل خۆپیشاندەران لە سەنتەری پارێزگاكە كۆ بوونەوە و لە بەردەم تەلاری پارێزگا مانگرتنیان ڕاگەیاند.
لە دیوانییە لایەنگرانی سەدر بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندەرانی بەغدا، خۆپیشاندانێكی فراوانیان دەست پێكرد و داوای لادانی دەسەڵاتدارانی عێراقیان كرد، لە پارێزگای ناسرییەش خۆپیشاندانێكی بەربڵاو دەستی پێكرد، خۆپیشاندەران هێرشیان كردە سەر تەلاری پارێزگاكە و كۆنترۆڵیان كرد.
هاوكات، موقتەدا سەدر، ڕیبەری ڕەوتی سەدر لە پەیامێكدا بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق، هەڕەشەی ئەوەی لێ كردن كە چارەنووسیان وەك سەدام حسەین و موعەممەر قەزافی دەبێت.
سەدر هەروەها داوای لە خۆپیشاندەران كردووە بە هیچ شێوەیەك ناوچەی سەوز چۆڵ نەكەن، بەڵكوو خێوەتەكانی مەیدانی تەحریر بگوازنەوە بۆ ئەوێ.