۱۳۹۵/۰۱/۲۲



یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستان ئێران: هەڵوەشانەوەی سەفەری ڕووحانی ئاكامی هەوڵی ئێمە بوو


یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستان ئێران: هەڵوەشانەوەی سەفەری ڕووحانی ئاكامی هەوڵی ئێمە بوو



كوردستان میدیا: یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە بڵاوكردنەوەی ڕوونكردنەوەیەك، ڕایگەیاند هەڵوەشانەوەی سەردانی ئەم دواییانەی حەسەن ڕووحانی بۆ ئوتریش ئاكامی هەوڵی ئەو ڕێكخراوە و ڕێكخراوی “stop the bomb” بۆ ڕێكخستنی خۆپیشاندانێك لە بەردەم كۆشكی سەرۆك كۆماریی ئەو وڵاتەدا دژ بە تیرۆریزمی دەوڵەتیی كۆماری ئیسلامی بووە.


بەپێی دەقی ئەو ڕوونكردنەوەیە كە وە دەست ماڵپەڕی كوردستان میدیا كەوتووە، یەكیەتیی خوێندكاران هێندێك دەنگۆ و لێدوانی چەواشەی عەلی لاریجانی، سەرۆكی مەجلیسی ڕێژیم وە درۆ دەخاتەوە كە خۆپیشاندانی هێندێك لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیی بە هۆكاری هەڵوەشانەوەی ئەو سەردانە ڕاگەیاندبوو.

لە بەشێك لەو ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە كە: " ئەو خۆپێشاندانە بڕیار وا بوو لە ژێر درووشمی "ڕووحانی بە خێر نەیەی" ( Rouhani Not Welcome ) بەڕێوە بچێت و ئامادەبوان بە بەرزكردنەوەی بەنێر و هەروەها وەبیرهێنانەوەی تیرۆری وییەن واتە تیرۆری دوكتور قاسملوو و كاك عەبدوڵای قادری ئازەر كە بە دەستی دیپلۆمات تیرۆریستەكانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی شەهید كران، ئەو خۆپێشاندانە بەڕێوە بەرن. بڕگەیەكی دیكە لە بەرنامەی خۆپێشاندانەكە لەچاوكردنی دەمامكی وێنەی زیاتر لە ٥٠ زیندانیی سیاسیی كوردستانی ئێران بوو كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە لایەن ڕێژیمی كۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە دراون كە لە لایەن یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە ئامادە كرابوو".

شایانی باسە عەلی لاریجانی، سەرۆكی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ڕێژیم لە لێدوانێكدا بە بۆنەی هەڵوەشانەوەی سەفەری حەسەن ڕووحانی بۆ ئوتریش، هۆكاری ئەو مەسەلەیەی گەڕاندبووەوە بۆ هەوڵەكانی ڕێكخراوی موجاهیدینی خەلق لەمەڕ ڕێكخستنی خۆپیشاندانێك دژ بە سەفەری سەرۆك كۆماری ڕێژیم بۆ ئەو وڵاتە.

بڕیار بوو ڕۆژی چوارشەممە ١١ی خاكەلێوەی ئەمساڵ حەسەن ڕووحانی لەگەڵ شاندێكی كۆماری ئیسلامی سەردانی وڵاتی ئوتریش بكات و لەگەڵ سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە كۆ ببێتەوە، بەڵام ئەو سەردانە لە لایەن سەرۆك كۆماری ڕێژیمەوە هەڵوەشایەوە.

شایانی باسە، لە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاویدا، دوكتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سكرتێری گشتیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و هاوڕێ عەبدوڵڵا قادری ئازەر، ئەندامی كومیتەی ناوەندیی حیزب كە بە مەبەستی چارەسەری پرسی كورد لە ڕێگەی دیالۆگەوە سەردانی ئوتریشیان كردبوو، لە سەر مێزی وتووێژ و بە دەستی دیپلۆماتەكانی كۆماری ئیسلامی شەهید كران.

دەقی ئەو ڕوونكردنەوەیە لەم لینكەی خوارەوەدا ببینن:
ڕوونكردنەوەیەك لە لایەن یەكیەتیی خۆێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە بە بۆنەی هەڵوەشانەوەی سەردانی حەسەن ڕۆحانی بۆ ئۆتریش