۱۳۹۵/۰۱/۲۲



ڕوونكردنەوەیەك لە لایەن یەكیەتیی خۆێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە بە بۆنەی هەڵوەشانەوەی سەردانی حەسەن ڕۆحانی بۆ ئۆتریش


ڕوونكردنەوەیەك لە لایەن یەكیەتیی خۆێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە بە بۆنەی هەڵوەشانەوەی سەردانی حەسەن ڕۆحانی بۆ ئۆتریش


كوردستان میدیا: یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە بڵاوكردنەوەی ڕوونكردنەوەیەك، ڕایگەیاند هەڵوەشانەوەی سەردانی ئەم دواییانەی حەسەن ڕۆحانی بۆ ئوتریش ئاكامی هەوڵی ئەو ڕێكخراوە و ڕێكخراوی “stop the bomb” بۆ ڕێكخستنی خۆپیشاندانێك لە بەردەم كۆشكی سەرۆك كۆماریی ئەو وڵاتەدا دژ بە تیرۆریزمی دەوڵەتیی كۆماری ئیسلامی بووە.


دەقی ئەو ڕوونكردنەوەیە كە بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا گەیشتووە، بەم چەشنەی خوارەوەیە:

خەڵكی مافخوازی كوردستان!
خوێندكارانی خەباتگێڕ!
ئازادیخوازان!


وەك ئاگادارن، بڕیار بوو لە ڕێكەوتی ١١ی خاكەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی بەرامبەر بە ٣٠ی مارسی ٢٠١٦ زایینی، حەسەن ڕۆحانی سەركۆماری ڕێژیمی ئێران بە سەردانێكی فەرمی دوو رۆژە بگاتە ڤییەن پایتەختی ئوتریش و لەگەڵ سەركۆمار و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كۆ ببێتەوە، بەڵام لە ناكاو هەواڵی هەڵوەشانەوەی ئەو سەردانە بەهۆی نیگەرانی ڕێژیم لە بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی ناڕەزایی دژ بە سەفەری ڕۆحانی، بڵاو بووەوە. پاش هەڵوەشانەوەی سەردانەكە لە لایەن ڕۆحانییەوە، كۆمەڵێك لێدوانی ناڕاست و دەنگۆی چەواشە لە لایەن "عەلی لاریجانی" سەرۆكی مجلیس و قازیزادەی هاشمی، وەزیری تەندروستیی ڕێژیم و هێندێك لە میدیاكانەوە بڵاو بووەوە كە ناوی هێندێك ڕێكخراو و لایەنیان وەكوو ڕێكخەری خۆپیشاندانەكە هێنابوو، كە لە ڕاستیدا بە هەوڵی یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران و ڕێكخراوی "Stop The BOMB" و بەشداریی كۆمەڵێك ڕیكخراوی لایەنگری مافی مرۆڤ و لایەنی ئازادیخواز و خەباتگێڕی دیكە ڕێك خرابوو. 

لەو پێوەندییەدا بە پێویستی دەزانین هێندێك وردەكاری بۆ ڕوونكردنەوەی ڕاستییەكان بخەینە ڕوو، و سەرنجتان بۆ ئەو ڕاستیانە ڕابكێشین.
پاش ئەوەی كە لە وەزارەتی ناوخۆی ئوتریش بە ڕێكخراوی "Stop The BOMO" ڕاگەیەندرا كە ڕۆژ و كاتی هاتنی ڕۆحانی بۆ وڵاتی ئوتریش دیاری كرا، ئەو ڕێكخراوە پەیوەندیی بە كومیتەی یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە لە ئوتریش كرد و هەر دوو ڕێكخراو هەوڵەكانیان بۆ ڕێكخستنی خۆپێشاندانێكی گەورە لە كاتی گەیشتی ڕوحانی بۆ وڵاتی ئوتریش لە بەرامبەر كۆشكی سەرۆك كۆماریی ئەو وڵاتەدا چڕ كردەوە. یەكیەتیی خۆێندكارانی دێموكڕاتی كوردستانی ئێران كە هاوكات خەریكی پێكهێنانی بەرەیەكی خۆێندكاری بۆ ڕێكخراوە خوێندكارییەكانی هەر چوارپارچەی كوردستان لە دەرەوەی وڵات بوو، لە یەكەم هەنگاودا توانیی لەگەڵ ڕێكخراوی یەكیەتیی خوێندەڤانانی دێموكراتی كوردستان - ڕۆژئاوا لە یەك كردەوەی هاوبەشدا خۆ ببینێتەوە كە شانبەشانی ئێمە هاتنە مەیدان و وێرای ئێمە بۆ ڕێكخستنی ئەو خۆپێشاندانە خۆیان بە بەرپرسیار زانی. دوای كەمتر لە چوار ڕۆژ توانیمان ڕێژەیەكی بەرچاو لە ڕێكخراو و كەسایەتییە سیاسییە ناسراوەكان و خەڵكی ناڕازی لە دەوری یەك خاڵی هاوبەش كۆ بكەینەوە، ئەویش تیرۆریزمی كۆماری ئیسلامی بوو. بە نزیكبوونەوەی ڕۆژەكانی هاتنی ڕۆحانی، ڕێژەی بەشداران لەو خۆپێشاندانەشدا ڕووی لە زیادبوون دەكرد، تا ئەو ئاستە كە ڕێژەی بەشداریی ڕێكخراوەكان بوون بە ٢٥ ڕێكخراوی مەدەنی و سیاسی كە لە پێكهاتەیاندا ڕێكخراوەكانی سەر بە كورد و جوولەكە و كریستیان و مافی مرۆڤ هەبوون. ئەو خۆپێشاندانە بڕیار وا بوو لە ژێر درووشمی "ڕۆحانی بە خێر نەیەی" ( Rouhani Not Welcome ) بەڕێوە بچێت و ئامادەبوان بە بەرزكردنەوەی بەنێر و هەروەها وەبیرهێنانەوەی تیرۆری وییەن واتە تیرۆری دوكتور قاسملوو و كاك عەبدوڵای قادری ئازەر كە بە دەستی دیپلۆمات تیرۆریستەكانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی شەهید كران، ئەو خۆپێشاندانە بەڕێوە بەرن. بڕگەیەكی دیكە لە بەرنامەی خۆپێشاندانەكە لەچاوكردنی دەمامكی وێنەی زیاتر لە ٥٠ زیندانیی سیاسیی كوردستانی ئێران بوو كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە لایەن ڕێژیمی كۆماری ئیسلامییەوە لە سێدارە دراون كە لە لایەن یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە ئامادە كرابوو. 

ڕەنگدانەوەی بەشداریی زۆری خەڵك لەو خۆپێشاندانەدا وای لە ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی كرد كە پاشەكشە بكات، بەڵام ئێرادەی خۆێندكارانی دەروەستی كورد و ئەندامانی یەكیەتییەكەمان هەردەم ئامادەیە كە جارێكیتر لە كاتی سەفەری كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامیدا بۆ دەرەوەی وڵات بە شێوەیەكی مەدەنیانە هەوڵ بۆ لەقاودانی تیرۆریزمی دەوڵەتی و تاوانكارییەكانی ئەو ڕێژیمە دژ بە ئازادی و مرۆڤایەتی بدات .

یەكیەتیی خوێندكارانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
١٧ی خاكەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی
٥ی ئاوریلی ٢٠١٦ی زایینی