چوار کەس بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵا بە زیندان مەحکووم کران
کوردستان میدیا: دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، چوار کەسی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان بە زیندان و دەرکران لەو وڵاتەدا مەحکووم کرد.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، دادگای بەشی ئەمنییەتی سەر بە دادگای باڵای فێدراڵ لە وڵاتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی، ٣ کەسی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان بە زیندان و دەرکردن لەو وڵاتە مەحکووم کرد.
هەواڵدەریی فەرمیی ئیمارات "وان" بڵاوی کردەوە، ئەو سێ کەسە کە ڕەگەزنامەی کاناداییان هەبووە، بە تۆمەتی هاوکاریی و چالاکی لەگەڵ تۆڕە نێودەوڵەتییەکانی سەر بە حیزبوڵڵای لوبنان و هەروەها سیخوڕی بۆ باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە، بە زیندان و دەرکران لە خاکی ئەو وڵاتە مەحکووم کراون.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە؛ ئەو کەسە تاوانبارانە مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٤ی زایینی بە شێوەی نایاسایی و بێ ئاگاداریی دەوڵەتی ئیمارات لە بەرژەوەندیی حیزبوڵڵای لوبنان چالاکیان کردووە.
هەروەها ڕۆژنامەی "اتحادیە" دادگای باڵای فێدراڵی ئیمارات بڵاوی کردەوە کە جاسم ڕەمەزان ئەلبەلووشی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئێران بە سێ ساڵ زیندان و دەرکردن لەو وڵاتە مەحکووم کراوە.
دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران بەردەوام ناکۆکی و نیگەرانیی وڵاتانی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە و بەردەوام هۆشداریان بەو ڕێژیمەو داوە کە دەستێوەردان لەکاروباری ئەو وڵاتانەدا نەکات، بەڵام ئەوە لەکاتێکدایە کە خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: ئێمە بەردەوام پشتیوانی لە خەڵکی ئەو وڵاتانە و یەک لەوانە بەحرەین دەکەین، کە ئەوەش ناڕەزایەتیی توندی بەرپرسانی ئەو وڵاتەی لێکەوتووەتەوە.