پێشمەرگەیەکی حیزب لەدوای ٢٠ ساڵ زیندانی بوون ئازاد کرا
کوردستان میدیا: زیندانییەکی دێرینی حیزب و گەل، پاش نزیک بە ٢٠ ساڵ خوڕاگری لە چاڵە ڕەشەکانی ڕژیمی دژە مرۆیی ئێران، چاوی بە ئازادی و باوەشی بنەماڵەی ڕوون بووەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو، ئەندامێکی حیزبی دێموکرات بەناوی عەلی ساڵحی کوڕی محەممەدساڵح لە گرتووخانەی شاری یەزد ئازاد کرا.
ناوبراو بۆ ماوەی ١٩ ساڵ و ٩ مانگ لە زیندانەکانی کرماشان و یەزد لەژێر ئەشکەنجە و ئازاری هێزەکانی ئیتلاعاتدا بووە.
کاک عەلی لە نێوەڕاستی زستانی ڕابردوودا، بە تەواوەتی ماوەی حوکمی داسەپاوی تەواو کردووە و بە سەربەرزی گەڕاوەتە نێو بنەماڵە و خەڵکی ناوچەی ڕوانسەر.
ئەو تێکوشەرە ساڵی ١٣٧٣ بە فەرمی پەیوەست بووە بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لە مەڵبەندی ٣ی ئەوکات، سازماندەیی کراوە و ٢ ساڵ دواتر لە مەئموورییەتی حیزبی هاوڕێ لەگەڵ محەممەد مورادی لە گوندی "کزێ"ـی سەربە شاری سەلاسی باوەجانی دەستبەسەر و بۆ ١١ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی وەزارەتی ئیتلاعات لە پارێزگای کرماشان ڕاگیراوە.
لە نووسراوەیەکی ئۆرگانی پێوەندیداردا هاتووە کە؛ عەلی پێشمەرگەیەکی جێگای باوەڕ و متمانەی مەڵبەند بووە بۆیە بۆ ئەنجامدانی مەئموورییەتێکی حیزبی دەنێردرێتە جەولەی پێشمەرگانە لە ناوچەکانی ڕوانسەر، جوانڕۆ و سەلاس.
بەڕێز ساڵحی لەو ماوەیەدا لە لایەن ناوەندە بەناو دادوەرییەکانی کۆماری ئیسلامی لەهەرچەشنە مرەخەسی بێبەش کراو بوو.
عەلی ساڵحی تەمەنی ٤٣ ساڵە و خەڵکی گوندی "شەژوێ"ی سەربە شاری ڕوانسەر لە پارێزگای کرماشانە.
لینکی پێوەندیدار:
محەممەد مورادی لە وتووێژی "کوردستان"دا: پیاوانی حکوومەت، ئـێمەیان بە مرۆڤکوژ و خراپکار دەزانی