۱۳۹۵/۰۱/۲۲



کەڕووبی نامەیەکی دژ بە خامنەیی بڵاو کردەوە


کەڕووبی نامەیەکی دژ بە خامنەیی بڵاو کردەوە

کوردستان میدیا: یەکێک لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی سەوز لە ئێران، دەسەڵاتداریی ئێستای وڵاتی بە سەرەڕۆ لەقەڵەم دا.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ناوخۆی ئێران، مێهدی کەڕووبی نامەیەکی بۆ سەرۆک کۆماری ڕێژیم نووسیوە کە داوای لێدەکات "دادگایەکی ئاشکرا"ی بۆ ڕێک بخەن.



ئەو کەسایەتییە ناسراوەی بزووتنەوەی ناسراو بە سەوز لە نامە سەرئاوەڵاکەیدا بە شێوەی ناڕاستەخۆ وڵامی لێدوانەکانی عەلی خامنەییشی داوەتەوە.

کەڕووبی دەنووسێ: تەوسی بەسەرهاتەکە لەوێدایە ئەوانەی کە سەرمایەی ماددی و مەعنەوی وڵاتیان خست بەرپێی درۆیەک و دەرنجامی ئەو ئاگاییەش بۆ هەمووان ڕونە، بوونە بە بینش و نەجیب؛ ئەوانەش کە هۆشداریان دا و ئەم ڕۆژانەیان پێشبینی دەکرد و لەم چەند ساڵەدا تووشی زیندانی نایاسایی بوون، نانەجیب دەرچوون.

ئەو وتەیە کەڕووبی هێمایە بۆ قسەیەکی خامنەیی کە چەند حەوتوو لەمەوبەر لەگەڵ ئەندامانی کۆنی مەجلیسی نۆیەمی خوبرەگان کردبووی.

دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە و گەمارۆ ئابوورییەکان و ئۆباڵی ئەو دۆخە لە بەشێکی دیکەی نامەی کەڕووبی خراونەتە ئەستۆی سیاسەتی دەسەڵاتبەدەستانی ئێستای ئێران.

لەو نامەیەدا کە ڕێکەوتی ٢١ خاکەلێوە لە "سحام نیوز" بڵاوبووەتەوە، بە هێماکردن بۆ کەسێکی گێرەشێون لە ڕووداوی کۆدەتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢ هەتاوی لە ئێراندا، باس لەوە کراوە کە لە دەسەڵاتی هەنووکەیی ئێراندا هەموو ڕۆژێک دەستەیەک لەو ئاژاوەگێڕانە بەمەبەستی هێرش کردنە سەر کەسایەتییە سیاسی و مەزهەبییەکان، باڵوێزخانەی وڵاتان و ناوەندە زانستی و هونەرییەکان کەڵکیان لێ دەگیرێت.

لە ڕێژیمی ئێراندا کۆمەڵە کەسانێک هەن کە بە "بەسیجی" و "خۆسەر" ناسراون و کاری ئەوان تێکدانی هەرچەشنە کۆبوونەوەیەک کە بەدڵی دەسەڵاتی زاڵدا نەبێ و ڕاستەخۆ لە لایەن "بیت رهبری" ڕێکخستن و فەرمانیان پێ دەدرێت.

هەروەها کەڕووبی لەو نامەیەدا دەڵێت کە ئەگەر دادگەیەک پێکبێت، ئەو ڕووداوانە باس دەکات کە بە سەر دەستبەسەرکراوەکانی ساڵی ٨٨ و دواتری لە گرتووخانە یاسایی و نایاساییەکان هاتووە.

چالاکانی سیاسی و ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هەزاران کەسیان لە ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ساڵی ١٣٨٨، دەستبەسەر، بریندار، کوشتن و بێ سەروشوێن کردووە.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ٨٨ تاکوو ئێستا ئەوە یەکەمین جارە کە یەکێ لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی سەوز نامەیەکی فەرمی بڵاودەکاتەوە.

میرحوسەین مووسەوی، زارا ڕەهنەوەرد و مێهدی کەرووبی ڕێبەرایەتی بزووتنەوەیەکیان کرد کە بە سەوز ناسراوە.

ئەو کەسانە بە دەرنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرکۆماری ڕێژیم کە بە دەستنیشانکردنی سەرلەنوێی ئەحمەدی نەژاد کۆتایی پێهات، ناڕازی بوون و باسیان لە "مهندسی انتخابات" دەکرد.