۱۳۹۵/۰۲/۰۵


خامنەیی: چەمكی جیابیرم قبووڵ نیە


خامنەیی: چەمكی جیابیرم قبووڵ نیە

كوردستان میدیا: عەلی خامنەیی، ڕێبەری كۆماری ئیسلامی لە دیدارێكدا لەگەڵ كۆمەڵێك لە بەرپرسانی ڕێژیم وتوویە چەمكی "جیابیر"م قبووڵ نیە.
ئەو دیدارە ڕۆژی ٢٤ی خاكەلێوە بەڕێوە چووە و پێگەی ڕاگەیاندنی خامنەیی، ڕۆژی ١ی بانەمەڕ بەشێك لە لێدوانەكانی ناوبراوی لەو دیدارەدا بڵاو كردۆتەوە.


خامنەیی لەو دیدارەدا ئاماژەی بە دیدارێكی خۆی لە ساڵی ١٣٧٥دا لەگەڵ كۆمەڵێك لە ڕۆژنامەوانان و چالاكانی بواری ڕاگەیاندن كردووە كە بەشێك لەوانە بە وتەی خۆی "جۆراوجۆر"بوون.

ڕێبەری ڕێژیم دەڵێ: "ئەو دانیشتنە كاتێك بوو كە تازە چەمكی جیابیر ببووە باو و گوتم قەد باوەڕم بە وەها چەمكێك نیە".

خامنەیی ئەوەشی زیاد كردبوو كە: "ئێمە لە كۆماری ئیسلامیدا، شتێكمان بە ناوی بیركردنەوە نیە كە بۆ نموونە لە بەر ئەوەی كەسێك جیا بیر دەكاتەوە، بەرەنگاری ببینەوە".

ڕێبەری كۆماری ئیسلامی لەو دیدارەدا بە ڕاشكاوی وتبووی باسی "جیابیران" باسی "دوژمنكاری" و "ڕق و قینە" و "نیزامیان قبووڵ نیە و شەڕ لەگەڵ نیزام دەكەن".

خامنەیی، فرەچەشنیی لە كۆماری ئیسلامیدا بە كۆمەڵێك ڕووباری بچووك لە قەڵەم داوە كە "ئەگەر هەموویان بڕژێنە نێو ئۆقیانووسی شۆڕش (ڕێژیم)"، بە قازانجی ڕێژیم تەواو دەبێت.

لە كۆماری ئیسلامیدا تا ئێستا سەدان كەس و لایەنی جۆراوجۆر بە تاوانی "جیابیری" و جیاوازیی ڕوانگە و بۆچوونەكانیان لەگەڵ ڕوانگە فەرمییەكانی ڕێژیم و وەلی فەقیهـ، یان كەوتوونەتە بەر هێرشی ڕاگەیاندنەكانی سەر بە ڕێژیم، یان تووشی زیندان و ئەشكەنجە و سڕینەوەی فیزیكی بوونە.