۱۳۹۵/۰۲/۰۴


عەتائوڵڵا ساڵحی: ئەرتەش بۆ ناردنی هێز بۆ سووریه هیچ بەرپرسیارەتییەکی نیە


عەتائوڵڵا ساڵحی: ئەرتەش بۆ ناردنی هێز بۆ سووریه هیچ بەرپرسیارەتییەکی نیە

کوردستان میدیا: دوای ناردنی هێزی ئەرتەش لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ سووریە، فەرماندەی گشتیی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە ئەو ڕێکخراوە نیزامییە، هێچ بەرپرسیارەتییەکی لەمەڕ ناردنی ‌ئەو هێزە بۆ ئەو وڵاتە نیە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سەر لەشکر "عەتائوڵڵا ساڵحی" فەرماندەی گشتیی ‌‌ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەرتەش بۆ یارمەتی "مستشاری" لە سووریەدا هیچ بەرپرسیار نیە و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە هەندێک لە بەرپرسانی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران، بەشداری ئەو هێزە نیزامییەیان لە سووریە وەک ڕاوێژکار ڕاگەیاندبوو.


ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە درێژەدا گوتوویەتی: "هەندێک لەو هێزانە بە شێوەی دڵخواز چوونەتە سووریه کە لەژێر بەرپرسیارەتی هەمان ڕێکخراون و لەوانەیە کە کەسانی تیپی ٦٥یشی تێدا بێت".

"ئەمیرعەلی ئاراستە" جێگری هاوئاهەنگکەری هێزی زەمینیی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی ڕایگەیاند، تەکاوەرانی تیپی ٦٥ی هێزی تایبەتی هەوابۆردی ئەرتەشی ئەو ڕێژیمە، بە ناوی "موستەشار" بۆ شەڕی سووریه ڕەوانە دەکرێن.

ئەو بەپرسە نیزامییەی ڕێژیمی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی "تەسنیم" سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران گوتبووی کە؛ تەکاوەرانی تیپی ٦٥ی نوهد کە بەشێک لە هێزی زەمینیی ئەرتەشی ئێرانە، بۆ شەڕی نێوخۆیی سووریە بەڕی دەکەن.

هەرەها ئەحمەدڕەزا پووردەستان، فەرماندەی هێزی زەوینیی ئەرتەش لە وتووێژ لەگەل کاناڵی "العالم"دا باسی لە ناردنی ڕاوێژکار بۆ سووریە لە سەر داوای ئە ڕێژیمە کردبوو.

تیپی ٦٥ی هێزە تایبەتییەکانی هەوابۆردی ئەرتەشی ڕێژیمی ئێران (نوهد) ناسراو بە "کڵاو کەسکەکان" ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی، دامەزرا.
دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لەو کاروباری وڵاتانی درواسێ بەردەوام ناڕەزایەتی و هۆشداریی توندی ئەو وڵاتانەی بەدواوە بووە.