۱۳۹۵/۰۱/۲۵


شانۆی هەڵبژاردنی سووریه دەستی پێکرد


شانۆی هەڵبژاردنی سووریه دەستی پێکرد

کوردستان میدیا: شانۆی هەڵبژاردنەکانی سووریه بە بەشداریی ٣٥٠٠ بەناو پاڵێوراو دەستی پێکرد و ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەو هەڵبژاردنانە لە کوردستانی ڕۆژئاوادا بایکۆت کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، هەڵبژاردنی مەجلیسی سووریه دەستی پێكرد و لەو هەڵبژاردنانەدا سێ هەزار كاندید خۆیان پاڵاوتووە و پێویستە لەو ژمارەیە ٢٥٠ كاندید بڕۆنە ناو مەجلیسی ڕێژیمەوە.
هەڵبژاردنەكانی مەجلیسی سووریە تەنیا لەو ناوچانە بەڕێوە دەچن، كە لەژێردەسەڵاتی بەشار ئەسەددان.


ئێستا سووریه دابەش‏بووە بە چەند ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، كورد، داعش و ئۆپۆزسیۆنی سووریه.

لەو پێوەندییەدا، ڕۆدی عوسمان سەرۆكی نوێنەرایەتیی كوردی سووریه لە وڵاتی ڕووسیه، بە ئاژانسی (نۆڤۆستی) ڕاگەیاندووە: "وەک چۆن پێشتریش گوتومانە، بەشداری لەو هەڵبژاردنەی پارلمانی سووریه ناكەین كە حزبی بەعس سەرپەرشتی دەكات"‌. 

هەروەها "غەریب حەسو" نوێنەری پارتی یەكیەتیی دێموكرات پەیەدە لە باشووری كوردستان، بە هاووڵاتیانی کوردی ڕاگەیاند، ڕۆژئاوای كوردستان بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی سووریەدا ناكات.

لەو پێوەندییەدا، مارک تۆنێر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە هەڵبژاردنی مەجلیسی سووریه، لە كۆنگره‌ی‌ ڕۆژانەی وەزارەتەکەیدا ڕایگەیاند: "هەڵبژاردنی سووریه بەلای ئێمەوە شەرعییەتی نییە، ئیمە زیاتر چاومان لەسەر گفتوگۆکانی ئاشتیی ژنێڤە لە نێوان ڕێژیمی سووریە و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە و ڕێگای سیاسی بە تاکە چارەسەری قەیرانەکانی سووریه دەزانین و لە درێژەدا گووتی، هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی سووریه گوزارش لە هەموو خەڵکی ئه‌و وڵاته‌ ناکات و لای ئه‌وان شەرعییەتی نییە.

هەر چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەڕێوە دەچێت، لە ساڵی ٢٠١١ەوە لەگەڵ فراوانبوونی شۆڕشەکانی "بەهاری عەرەبی" ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی سووریە لە چوارچێوەی "سوپای ئازادی سووریە" و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکە پەیامی لەسەرکار لادانی بەشار ئەسەدیان لە سەرۆکایەتی کۆماری ئەو وڵاتە ڕاگەیاند، بەڵام ئەسەد بڕیاری ڕووبەڕووبوونەوەی دا و لە ماوەی ٥ ساڵی ڕابردوودا، سەدان هەزار هاووڵاتی سووریە کوژراون و میلیۆنان هاووڵاتیش ئاوارە بوون.