۱۳۹۵/۰۲/۰۴


ڕێژیمی ئێران لەبەرانبەر ئیرادەی خەڵکدا بە چۆک داهات


ڕێژیمی ئێران لەبەرانبەر ئیرادەی خەڵکدا  بە چۆک داهات

کوردستان میدیا: دوای مانگرتنی بەرینی خەڵکی کوردستان لەهەمبەر داخرانی سنوورەکانی کوردستان ڕێژیمی ئێران وادەی کرانەوەی سنوورەکانی ڕاگەیاند.
بەپێێ راپۆرتە بڵاوکراوەکان، دوای مانگرتنی خەڵکی شاری بانە و مەریوان و چەند شاری دیکەی کوردستان، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەبەرانبەر ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بە چۆک داهاتن و وادەی کرانەوەی سنوورەکانی کوردستانیان بە هاووڵاتیانی ئەو شارانە دا.


دوای داخرانی دوکان و بازاڕ لە لایەن خەڵکی ئەو شارانە لە هەمبەر داخستنی سنوورەکان، جێگری سیاسی ئەمنیەتی و کۆمەڵایەتیی پاڕێزگاری سنە ڕایگەیاندووە: "بە هەوڵی و بەدواداچوونی بەرپرسانی پارێزگا بە تایبەت پارێزگاری سنه و لە سەر بڕیاری وەزیری نێوخۆ سنوورەکان بۆ ماوەی یەک مانگ دەکرێنەوە و خەڵک دەتوانن کار و چالاکیی بازرگانیان هەبێت".

ئەگەرچی بەرپرسانی ڕێژیم ئەو وادەیان بە خەڵکی ناڕازی داوە بەڵام تا ئێستا هەموو سنورەکان داخراون و خەڵکیش دوکان و بازاڕەکانیان داخستووە.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، دوکانداران و خاوەن پاساژەکانی شاری بانە سەر بە پارێزگای سنە، لەمەڕ داخرانی سنوورەکان لە بەردەم فەرماندرایی ئەو شارە مانیان گرت و دوکانیان بە نیشانەی ناڕەزایەتی داخست.

داخرانی سنوورەکانی شاری بانە لە کاتێک دایە کە ئەندامانی مەجلیسی ڕێژیم لەو شارە لە کاتی بە ناو هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وادەی کرانەوەی ئەو سنووریان بە خەڵک دەدا و هەروەها بەرپرسانی باڵای ڕێژیم لە نامەی فەرمیدا داوایان لە هەموو ناوەند و ئۆرگانەکانی ڕێژیم کردبوو کە لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکان‌دا تا دوای هەڵبژاردنەکان گوشار و زەخت بۆ خەڵک و کاسبکارانی ئەو شارە لە سەر سنوورەکان نەهێنن.

هەروەها خەڵک باوەڕیان بە وادەی کرانەوەی یەک مانگی سنوورەکان لە لایەن ڕێژیمەوە نیە و یەک دەنگی و یەکگرتوویی خەڵک نیشانی دا کە ڕێژیم لە بەرانبەر ئیرادەی خەڵکدا هێزی نیە و لەهەمبەر ویستی خەڵکدا پاشکشە و مل کەج دەکات.

لەو پێوەندییەدا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا، پشتیوانی لە خەڵکی مانگرتووی شارەکانی کوردستان کرد و ڕایگەیاندووە کە هێزی شاخ پشتیوانی ئەو داوا مافخوازانەتانە.