۱۳۹۵/۰۲/۰۴


چاگ هیگێل: ڕێژیمی ئێران پشتیوانی تێرۆریزمە


چاگ هیگێل: ڕێژیمی ئێران پشتیوانی تێرۆریزمە

کوردستان میدیا: چاک هیگێل وەزیری بەرگریی پێشووی ئامریکا ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهانە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، وەزیری پێشووی ئامریکا ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە پێوەندی لەگەڵ سەفەری باراک ئۆباما سەرکۆماری ئامریکا بۆ عەرەبستانی سعوودی گووتی کە پێوەندی ستراتیژیکی ئامریکا و سعوودی بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست زۆر گرینگە و ئەمنییەتی ئەو ناوچەیە دەپارێزێت.


هیگێل لە بەشێکی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهان دایە و ئەو وڵاتە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا دەکات.

لە پێوەندی لەگەڵ دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە بەیاننامەی كۆنفرانسی ئیسلامیی ئیستانبول وێڕای مەحكوومكردنی دەستێوەردانەكانی ڕێژیمی ئێران لە وڵاتانی وەك عێراق، سووریە و لوبناندا هەوڵە تیرۆریستییەكان و تاوانەكانی حیزبوڵڵای لوبنان لە سووریە، یەمەن، بەحرەین و كوەیت مەحکووم کرا.

شورای هاوکاریی کەنداویش لەکۆتایی ١٣٦ـەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی شورای هاوکاریی کەنداو کە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو لە وڵاتی عەرەبستانی سعوودی بەڕێوەچوو، سەبارەت بە هەوڵەکانی رێژیمی ئێران بۆ نانەوەی ئاژاوە و شەڕ لەناوچەکەدا، هۆشداریی جیدیان بەو رێژیمە دا.

لەماوەی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران چەندین جار لە لایەن بەرپرسانی باڵای وڵاتانی عەرەبییەوە بە تاوانی کردەوەی تیرۆریستی لەو وڵاتانە تاونبار کرا.