لە سەدا ٤٠ی خەڵکی ئیران لەژێر هێڵی هەژاریدان
کوردستان میدیا: ئابووریناسان و لێکۆڵینەوەکانی بیافی هەژاری و دۆخی بژیوی ژیان، دەریخستووە کە لە سەدا ٤٠ی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان.
حوسێن ڕاغفەر، ئابووریناس و لێکۆڵەری بیافی هەژاری، لە لێکۆڵینەوەیەکی گرووپیدا، پێوەندی نێوان هەژاری و گەشەی ئابووری لە چوار بەرنامەی پەرەسەندنی ئابووریدا تاوتوێ کردووە و ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە دەریخستووە کە لە ماوەی ئەو بەرنامەیەدا ٤٠ لە سەدی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا بوونە.
ئەو لێکۆڵینەوەیە هەرەها دەریخستووە کە پشکی بنەماڵە هەژارەکان لە داهاتی گشتی، تەنیا لە سەدا ١٣ بووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە پشکی حەشیمەتی غەیرە هەژار لە داهاتی گشتی لە سەدا ٨٧ە و بەپێی داتاکان بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان بووەتە هۆی دابەزینی هێزی کڕێن لای خەڵک.
ئەو لێکۆڵینەوە لە سەر ئەو ڕاستییە جەخت دەکاتەوە کە سیاسەتەکانی گەشەی ئابووری کاریگەریی لە سەر دابەزینی داهات و حەشیمەتی ژێر هێڵی هەژاریدا نیە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەندێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دانیان بەو ڕاستیەدا هێناوە کە بەرنامەی گەشە بووەتە هۆی نابەرابەری و نەبوونی هاوسەنگیی ناوچەیی لە ئێراندا.
ئامارە فەرمییەکان سەرەڕای هەموو سانسۆر و دەسکارییەکان، باس لەوە دەکەن کە هەژاری لە ئێران لەو پەڕی خۆیدایە و بەرپرسانی ڕێژیمیش ئەو ڕاستییە ناشارنەوە.