۱۳۹۵/۰۸/۱۷


ئاگری شەڕخوازیی ڕێژیمی ئێران ئافریقاشی گرتەوە

ئاگری شەڕخوازیی ڕێژیمی ئێران ئافریقاشی گرتەوە

کوردستان میدیا: پریشکی ئاگری زێدەخۆازی و ئاژاوەگێڕیی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران، جیا لە ناوچەی ڕۆژ‌هەڵاتی نێوەڕاست، ئافریقاشی گرتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێک کە هەواڵدەریی فەڕانسە بڵاوی کردووەتەوە، وڵاتی نیجێرییە بووەتە گۆڕەپانی شەڕی نیابەتیی ڕێژیمی ئێران و عەرەبستانی سعوودی و ئەوەش دوای ئەوە دێت کە وڵاتی نیجێرییه لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، لە لایەن گرووپی تێرۆریستیی "بۆکووحەرام"ەوە کراوەتە ئامانجی هێرشی تێرۆریستی.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە؛ حەشیمەتی بەڕێوەبەرانی عاشووڕا لە نیجێرییە کەوتنە بەر هێرشی گرووپە سەلەفییەکانی عەرەبستان و پۆلیسی نیجێرییه، و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا لانیکەم ١٠ کەس کوژران و ٥٠ کەسی دیکەش بریندار بوون. لە بەرانبەر ئەو هێرشەدا، گرووپی "بزووتنەوەی ئیسلامیی نیجێرییه" کە گرینگترین گرووپی شیعەی ئەو وڵاتەیە، نە تەنیا دەوڵەتی ناوەندی بە فەرمی ناناسێت، بەڵکوو خوازیاری دامەزراندنی کۆمارێکی ئیسلامییە به باشقە هەڵگرتن لە ڕێژیمی تێرۆریستیی ئیسلامیی ئێران.

ئیبراهیم زاکزاکی ڕێبەریی گرووپی "بزووتنەوەی ئیسلامیی نیجێرییه" ـی لە ئەستۆیه.

کارناسان لەو باوەڕەدان کە سەرکوتی شیعەکان لە لایەن گرووپە سەلەفییەکانی نیجێرییه‌، دەبێتە هۆی ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران بە هانای شیعەکانی ئەو وڵاتەوە بچێت و لە ئەنجامدا شەڕ لە نێوان سعوودیە و ئێراندا بێتە ئاراوە.

هەتا ئێستا زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان و بەتایبەت وڵاتانی عەرەبیی وەکوو یەمەن، بەحرەین و میسر؛ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتەکانیان تاوانبار کردووە.

پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە گرووپە تێرۆریستییەکان و هەروەها دەستێوەردان له کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، نیگەرانیی بەرپرسانی ئەو وڵاتانەی لێ‌کەوتووەتەوە و لە دوایین دانیشتنی شۆرای هاوکاریی کەنداو بە بەشداریی تورکیه، هۆشداریان بە ڕێژیمی ئێران دا کە دەستێوەردان له کاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا نەکات.