ئێران پلەی ١١٨ی لە بواری ئازادیی و خۆشبژیوی لە جیهاندا هەیە

کوردستان میدیا: ئێران لە باری پێوەری خۆشبژیوی لە نێو ١٤٩ وڵاتی جیهاندا لە پلەی ١١٨دا جێی گرتووە.
دامەزراوەی توێژینەوەیی "لگاتۆم" لە لەندەن، کە وڵاتانی جیهان لە باری پێوەری خۆشبژیوی پۆلێنبەندی دەکات، لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا، دابەزینی ئاستی ئێرانی لەو پۆلێنبەندییە جیهانییەدا پشتڕاست کردووەتەوە.
بەپێی ئەو پۆلێنبەندییە، ئێران لە نێو ١٤٩ وڵاتی جیهاندا بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو، بەردەوام لە ڕیزی ٣٥ وڵاتی ئاخری ئەم ڕیزبەندییەدا جێی گرتووە.
نوێترین ڕاپۆرتی دامەزراوەی توێژینەوەیی لگاتۆم دەرخەری ئەوەیە کە؛ ڕێژیمی ئێران لە نێو ١٤٩ وڵاتی جیهاندا لە باری خۆشبژیوی لە پلەی ١١٨دا جێی گرتووە.
ساڵی ڕابردوو ئێران لە نێوان ١٤٢ وڵاتدا پلەی ١٠٦ی هەبووە.
یەکێک لە خاڵە سەرنج ڕاکێشەکانی نێو ئەو راپۆرتە، درێژەی ڕەوتی داکشانی ئابووری لە وڵاتی ئێران دایە.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٦ی ئەو دامەزراوەیە، خەڵکی ئێران خراپترین و بدکردارترین دەسەڵات لە سەر ژیانی تاکەکەسی خۆیان لە جیهاندا، قبووڵ دەکەن.
دامەزراوەی توێژینەوەیی لگاتۆم ئاستی خۆشبژیویی لە وڵاتانی جیهاندا بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەو وڵاتانە لە هەشت بواری ئابووری، دەرفەت و هەلی کار، دەسەڵاتداری، فێرکاری، لەشساغی، تەناهی و دڵنیایی، ئازادیی تاک و سەرمایەی کۆمەڵایەتی تاوتوێ دەکات.
نوروێژ، فینلاند، سویس، کانادا، ئۆسترالیا، هۆلەند، سوئێد، دانمارک و بریتانیا لە ڕیزی یەکەمی خشتەبەندی ئەو توێژینەوەیەدان و وڵاتانی کۆماری ئافریقای ناوەندی، ئەفغانستان و یەمەن لەو وڵاتانەن کە لە باری پێوەری خۆشبژیوییەوە بە دوایین وڵاتانی جیهان ئەژمار کراون.