۱۳۹۵/۰۸/۱۶


ئێران لە پاش عێراق خەمۆکترین وڵاتی جیهانە

ئێران لە پاش عێراق خەمۆکترین وڵاتی جیهانە

کوردستان میدیا: سەرۆکی ئەنجومەنی "مددکاری"ئێران ڕایگەیاند: لە پاش عێراق، ئێران خەمۆکترین وڵاتی جیهانە و و ئێرانییەکان بەشێک لە ناچالاکترین خەڵکانی جیهانن کە تا ئێستاش هیچ هەوڵیک بۆ ناسینەوەی هۆکارەکانی ئەنجام نەدراوە.
حەسەن موسەوی، مامۆستای زانکۆ و سەرۆکی ئەنجومەنی "مددکاری" ئێران بە هەواڵدەریی ئیدارەی بێهزیستی پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی وتووە: ئەگەرچی پێشتریش سەبارەت بەم پرسە هۆشداریمان دابوو بەڵام تا ئێستا هیچ هەوڵێک بۆ ناسینەوەی هۆکارەکان و دۆزینەوەی ڕێگاچارەسەرییەکەی نەهاتووەتە ئاراوە.

ناوبراو هەروەها ئاستی لادان و خەسارە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان لە ئێرانی لە هێڵی قەیران وەسف کرد و وتی: لە هەندێک شوێنی ئێران ئەم ڕێژە ٨٠%ە کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان.

لە ساڵی ٢٠١٢شدا نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی لەژێر ناوی "ڕاپۆرتی جیهانی شادی" ، (World Happiness Report)، بڵاو کردەوە کە تێیدا ئێران لەنێو ١٥٧ وڵاتی جیهان پلەی ١٠٥ی وەدەست هێنابوو.

لەم ڕاپۆرتەدا، پێوەرەکانی وەک هیوا بە دواڕۆژ و ژیانی باشتر، هەل و دەرەتانی کار و پیشە، دابین کردنی کۆمەڵایەتی، ئازادییە تاکەکەسییەکان، ڕێژەی نایەکسانی و هەڵاواردن و ئاستی فێرکاری لەبەرچاو گیراون.

ڕێکەوتی ١١ی خەزەڵوەریش حەسەن قازی زادە، وەزیری لەش ساخی کۆماری ئیسلامی دانی بەوەدانابوو کە هەلومەرجی ئێران لەباری خەسارە کۆمەڵایەتییەکان گەلێک مەترسیدارن و وەک "قەیرانێکی مەترسیدار" ناوی لێ بردبوو.

پێشتریش لە ساڵی ٢٠١٥دا سەرۆکی دەزگای بێهزیستی ئێران بە هەواڵدەرییەکانی وتبوو: لە ماوەی ٥ ساڵدا ڕێژەی ژنانی سەرپەرستی خانەوار ٥٣% زیادی کردووە کە هۆکارەکەی بۆ جێبەجێ نەکردنی ئەرکەکانی دەوڵەت لەلایەن بەرپرسانی پێوەندیدار دەگەڕێتەوە.