عەرەبستان هەڕەشەی لە کۆماری ئیسلامی کرد

کوردستان میدیا: عەرەبستانی سعودی هەڕەشەی کرد کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی واز لە سیاسەتی پەرەدان بە بەرهەمهێنانی نەوت نەهێنێت، ئەوا ڕۆژانە ١٢ میلیۆن بەرمیل نەوت دەخاتە بازاڕەوە.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەر لە زاری بەرپرسانی سعودییەوە ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند عەرەبستان لە دانیشتنی ئۆپێکدا کە تایبەت بوو بە فریزی نەوتی ئەم باسەی هێناوەتە گۆڕێ.
پێشتر لە ٢٨ی سێپتامبردا ئەندامانی ئۆپێک لە دانیشتنی ئەلجەزیرە لەسەر کەم کردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە ڕێککەوتن گەیشتبوون؛ بەپێی ئەم ڕێککەوتنە بڕیار وابوو لە سەرەتای مانگی نۆڤامبرەوە ئاستی بەرهەمهێنان لە ٣٣ میلیۆن و ٢٤٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژ، بۆ ٣٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژ کەم بکرێتەوە.
کۆماری ئیسلامی یەکێک لە دژبەرانی گەڵاڵەی فریزی نەوتییە و لەسەر ئەم بنەماش عەرەبستان هەڕەشەی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هێناوەتە گۆرێ.
جیا لە پێشینە مێژووییەکەی، پێوەندییەکانی نێوان تاران و ڕیاز لە پاش ئێعدامی شێخ نەمر و داگیرکردنی باڵوێزخانەی سعودییە لەلایەن بەسیجییە توندڕەوەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەو ئاڵۆزی زیاتر ڕۆیشت و شەڕێکی ڕانەگەیەندراوی ئابوریی، تەبلیغی و دیپلۆماتیک لە نێوانیاندا هاتە ئاراوە کە ئەم بڕیارەی سعودیەش بەڕای کارناسان لە هەمان چوارچێوەدا پیناسەی بۆ دەکرێت.