هەرێمی کوردستانی عێراق داوای کردووە حەشدی شەعبی بەشداری شەڕی موسڵ نەکات

کوردستان میدیا: ڕاوێژکاری شۆرای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فەرماندەی نوێی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق داوای کردووە ڕێگە نەدرێت حەشدی شەعبی بەشداری لە شەڕی موسڵدا بکات.
مەسروور بارزانی لە دیدارێکدا لەگەڵ "ستێفان تاونسێند" ڕایگەیاندووە کە پێویست بە بەشداری حەشدی شەعبی یان ئەو هێزانەی کە بە فەرمی ئەندامی هێزە چەکدارەکان بۆ ئازادکردنەوەی موسڵ نین، ناکات.
ناوبراو وتوویەتی: ئەو گروپە چەکدارانەی کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە یاساییەکاندا چالاکی دەکەن نابێ بە هیچ شێوەیەک ڕۆڵ و شوێندانەرییان لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵ و تەنانەت پاش ئەم ئۆپەراسیۆنەش هەبێ.
حەشدی شەعبی، گروپێکی چەکداری سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانە کە تا ئێستا چەندین جار لەلایەن سەرۆک هۆزە عەرەبەکان و بەشێک لە ناوەندە نێونەتەوەییەکانی چالاک لە بواری مافەکانی مرۆڤ، یەک لەوانە چاوەدێری مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، تۆمەتبار کراوە بە ئەنجامدانی جینایەتی دژ بە مرۆڤایەتی بەتایبەت لە ناوچەکانی فەللوجە و تکریت.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هاوکاتە لەگەڵ دەرکەوتنی کۆمەڵێک وێنە و فیلم لە جینایەتە نوێکانی داعش لە موسڵ و ڕاپۆرتی نوێی لێبوردنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە ئەشکەنجە و کوشتنی چەندین هاووڵاتی سڤیل لە باشوری موسڵ لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی عێراقەوە.