ڕۆژنامەی کەیهان: دۆخی ئابووریمان تەنیا بە قسە زۆر باشە

کوردستان میدیا: ڕۆژنامەی "کەیهان" لە ژمارە ٢١٤٨٣ی خۆیدا بە ڕێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەر، ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی لەپێوەندی لەگەڵ ناڕاست بوونی ئامارە درکاوە ئابوورییەکان لەلایەن بەرپرسانی حکومەتییەوە بڵاو کردەوە.
لە سەرەتای ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: لەم ماوەیەدا ناوەبەناوە قسەی جوان و ڕەنگاڵە لە زاری بەرپرسانەوە بڵاو بووەتەوە کە گۆیا بارودۆخی ئابووری و ژیانی خەڵک زۆر باشە و هیچ کەس هیچ کێشەیەکی نییە و تەنیا چەند پرسێکی بچووک هەبوو کە بە گۆڕینی ٣ وەزیر و نۆژەنکردنەوەی کابینە ئەو کێشانەش کۆتاییان پێهات.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کەسێک کە لە ئێراندا نەژیابێت یان ئاگاداری دۆخی بازاڕ و ئابووریی ئێران نەبێت بە خوێندنەوەی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو دەبنەوە یان بە گوێگرتن لە قسەی بەرپرسانی حکومەتی وا تێدەگات کە؛ ئابووریی ئێران یەکێکە لە ئەکتیڤ ترین ئابوورییەکانی جیهانە، بەڵام لەگەڵ هاتنە نێو ژیانی خەڵک و دیتنی دۆخی بازار بۆی دەردەکەوێت کە فەزای ڕاستەقینەی ئابووریمان چەندە دوورە لەو فانتازیایەی کە لە ڕاگەیەنەکاندا باسی لێوە دەکرێت.
لە بەشێک لەم راپۆرتەدا هاتووە؛ لە حاڵێکدا کە بانکی ناوەندی باس لە کەمبوونەوەی نرخی هەڵاوسان دەکات، گرانی ٣١%ی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان یەخەی خەڵکی گرتووەتەوە و خەڵک بەردەوام چاوەڕێی گرانتر بوونی نرخی شتوومەکەکانن.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە؛ ماوەیەک پێش ئێستا نەوبەخت و ڕووحانی بانگەشەی گەشەی 6%ی ئابوورییان کرد، بەڵام ڕۆژنامەی "آرمان" ، نیزیک لە باندی ڕووحانی پشتی بە لێدوانەکانی "فەرشید مۆئمێنی، ئابووریناس، بەستووە کە دەڵێ: گەشەی ئابووریی ساڵی ٩٥ گەشەی دوور لە "کیفیت"ە؛ ئەوەیکە دەوڵەتمەدارەکان باسی لێوە دەکەن، تەنیا کۆمەڵێک یاریی هەلپەرەستانەیە کە بە دەستکاری کردنی ئامارە ڕاستەقینەکان کڵاو لەسەر خەڵک دەنێن.
لە ڕاپۆرتی ئاماژەبۆکراودا، کەیهان پڕژاوەتە سەر دۆسیەی "وام بۆ بووژاندنەوەی یەکە بەرهەمهێنەرەکان" و دەڵێ: بەپێی ئامارەکانی دەوڵەت تاکوو ٢٨ی ڕەزبەری ئەمساڵ، ٣١ هەزار و ٩٨٥ یەکە، داوای وەرگرتنی وامیان کردووە کە لەم ڕێژەیە تەنیا ٦ هەزار و ١٨٥ یەکە توانیویانە ئەم وامە وەربگرن، واتە تەنیا ١٩%ی یەکە بەرهەمهێنەرەکان توانیویانە لە فیلتێرەکانی دەوڵەت تێپەڕن و دەستیان بەم سەرچاوە ماڵییە ڕابگات.
لە کۆتایی ئەم ڕاپۆرتەشدا ئاماژە بە ٣ خاڵی گرینگ کراوە کە بەم چەشنەن:
١. بەپێی بۆچوونی کارناسانی ئابووری – کە تەنانەت هەندێکیان سەر بە باڵی ڕووحانین – هێنانە خواری هەڵاوسان بەمەرجی زاڵبوونی داتەپینی تووندی ئابووری و مایەپووچ بوون و داخرانی دەیان هەزار یەکەی بەرهەمهێنەر بەکردەیی کراوە.
٢. بانگەشەی گەشەی ئابووری، تەنیا لە سەر بنەمای چوونەسەری ڕێژەی هەناردەکردنی نەوت بووە، کە وەک پسپۆڕان دەڵێن، ئەمە گەشەی نەشیاوە چوونکە هیچ شوێندانەرییەکی لەسەر چەرخەی ئابووری نەبووە.
٣. ستادی ئابووریی دەوڵەت خاوەنی هیچ ڕێکخستن و هاوکارییەکی شیاو نییە، ئەمەش لە کارکردی ٣ ساڵی ڕابردوویان بە زەقی دەبیندرێ، کە بەردەوام لەنیوان بانکی ناوەندی، دەزگای پلانداڕێژی، وەزارەتەکانی نەوت و سەنعەت و وزە و خۆشبژێوی و جیهاد مشت و مڕ و دەمەقاڵە هەبووە.
بڵاو بوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نوێترین ڕاپۆرتی دامەزراوەی توێژینەوەیی "لگاتۆم" لە لەندەن بۆ ساڵی ٢٠١٦، کە وڵاتانی جیهان لە باری پێوەری خۆشبژیوی پۆلێنبەندی دەکات کە تێیدا ئێران لە نێو ١٤٩ وڵاتی جیهاندا لە باری خۆشبژیوی لە پلەی ١١٨دا جێی گرتووە و ڕەوتی داکشانی ئابووری لە وڵاتی ئێران درێژەی هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٦ی ئەو دامەزراوەیە، خەڵکی ئێران خراپترین و بدکردارترین دەسەڵات لە سەر ژیانی تاکەکەسی خۆیان لە جیهاندا، قبووڵ دەکەن.
دامەزراوەی توێژینەوەیی لگاتۆم ئاستی خۆشبژیویی لە وڵاتانی جیهاندا بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەو وڵاتانە لە هەشت بواری ئابووری، دەرفەت و هەلی کار، دەسەڵاتداری، فێرکاری، لەشساغی، تەناهی و دڵنیایی، ئازادیی تاک و سەرمایەی کۆمەڵایەتی تاوتوێ دەکات.