حیزبەکەی لینکۆڵن بوو بە براوەی هەڵبژاردنەکان

کوردستان میدیا: پاش ١ ساڵ و نیو پڕوپاگەندە و ڕکەبەرایەتی ٢ حیزبی سەرکی ئامریکا، دۆناڵد ترامپ بە دروشمی "جارێکی تر مەزنایەتی بۆ ئامریکا بگێڕینەوە" بوو بە سەرکۆمار.
خەڵکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە دەنگەکانی خۆیان ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەر، دۆناڵد ترامپ میلیاردێری نیۆیۆرکی ٧٠ ساڵەیان کردە ٤٥ەمین سەرکۆماری وڵاتەکەیان و کۆتاییان بە هەموو مشت و مڕەکان هێنا.
ئەگەرچی زۆرێک لە کارناسان و ناوەندە نێونەتەوەییەکان لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە هێلاری کلینتۆنی دێموکرات دەبێتە براوە بەڵام سەرکەوتنی کۆتایی وەبەر ڕکەبەری دێموکراتەکان کەوت.
تڕامپ لە یەکەم ساتەکانی ڕۆژی چوارشەممە و پاش راگەیاندنی ئەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنەکان، یەکەم ئاخاوتن و لێدوانی وەک براوەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٦ی سەرکۆماری ئامریکا لە ستادی هەڵبژاردنەکەی لە مەنهەتەنی نیۆیۆرک پێشکەش کرد.
ناوبراو وێڕای پیداهەڵکوتن بە کلینتۆن ڕایگەیاند کە ئێستا ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ئامریکا برینەکانی خۆی ساڕێژ بکاتەوە؛ ئەمەش لەڕێگەی هاوکاری کردنی هەر دوو لایەنی کۆماریخواز و دێموکراتەوە دەبێت چونکە من ئێستا سەرکۆماری هەموو ئامریکاییەکانم.
ناوبراو ڕوو لەو کەسانەی کە دەنگی متمانەیان پێ نەداوە وتی: دەستم بۆ هاوکارییەکانتان درێژ دەکەمەوە تاکوو پێکەوە هەوڵ بدەین و وڵاتەکەمان بە یەکگرتوویی بگەیێنین و ئامریکا بکەینەوە بە ئامریکایەکی بەهێز.
بەشێک لە کارناسان و سیاسەتمەداران پێیان وایە کە هۆکاری سەرەکی بردنەوەی تڕامپ لەم هەڵبژاردنەدا هەنگاوە هەڵەکانی بەراک ئۆباما لە ماوەی ٨ ساڵی ڕابردوودا بووە کە پرەستیژی وڵاتی ئامریکای لە ئاستی جیهانیدا هێنایە ژێر پرسیار و دەنگدەرانی ئامریکایی لە سیاسەتەکانی حیزبی دێموکرات دوور خستەوە.