ڕێژیمی ئێران بنەماڵەی پاسدارە کوژاوەکانی شەڕی سووریه بە مامۆستایان قوتابخانە بەخێو دەکات

کوردستان میدیا: بەرپرسانی چەقبەستووی ڕێژیمی ئێران پارەی زۆرەملی لە مامۆستای قوتابخانەکانی کوردستان وەردەگرن تا بنەماڵەی پاسدارە کوژراوەکانی شەڕی سووریەی پێ بەخێو بکەن.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئیدارەی گشتیی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگای ورمێ لە نامەیەکدا نامەی بۆ هەموو مامۆستایانی قوتابخانەی شارەكانی بۆكان، مەهاباد، پیرانشار، شنۆ، نەغەدە، سەردەشت و گوندەكانی ئەو شارانە ناردووە كە یارمەتی بنەماڵەی پاسدارە كۆژراوەكانی شەڕی سووریە بکەن.
هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد کە دوای ئەو داواکارییە دزێوی بەرپرسانی ڕێژیم زۆربەی هەرە زۆری مامۆستایان پاكت نامەكانیان هەر بە خاڵی تەحویل داوەتەوە .
هەر لەو پێوەندییەدا، هاوینی ئەمساڵ ئەندامان و هێزەکانی سپای داگیرکەری کوردستان لە شاری ورمێ لە ناوچەکانی ئەو شارەدا دەگەڕان و داوای یارمەتیی ماڵیان لە هاووڵاتییان دەکرد و داوایان لە کاسبکاران دەکرد کە دەبێت له بەرهەمی "گەنم و جۆ" لە بارئاشی ئەمساڵ وەک یارمەتی بەو ڕێکخراوە میلیشاییە بدەن.
ساڵی ڕابردووش ئەندامی ستادی پشتیوانی بە ناو "مدافعان حرم" لە پارێزگای ورمێ، داوای لە خەڵک کردبوو، بە هۆی تێچووی ماددیی لەڕادەبەردەری شەڕی سووریه بۆ ڕێژیمی ئێران، کەلوپەلی گەرم وەک پەتۆ و جلوبەرگی گەرم بۆ سووریە کۆ کەنەوە.
ئەو داواکەرییەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە کاتێک دایە کە باوردۆخی ژیانی مامۆستایانی قوتابخانەکان لە ئێران لە ئاستێکی زۆر خراپ دایه و ڕێژیم هیچ ئیمکاناتێکی ماددیان بۆ دابین ناکات.