پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزم بە فەرمی ڕیسوا بوو

کوردستان میدیا: وتەبێژی فەرمی و کەسی دووهەمی تاڵبان ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانیان لێ دەکات و لە هەوڵی ئەوە دان کە پێوەندی تازەتر لەگەڵ ئەو ڕێژیمە بگرن.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، مەلا زەبیحوڵڵا وتەبێژی فەرمی و کەسی دووهەمی تاڵبان ڕایگەیاند، کە ئێمە لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران پێوەندیمان هەیە و ڕێکخراوەکەمان بە فەرمی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لە پێوەندی دایە.
کاناڵی ئەلعەرەبیە لە ماڵپەڕی خۆیدا لە سەردێڕیکدا لەژێر ناوی "تاڵبان ئێرانی ڕیسوا کرد" باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران پشتیوانی لە گرووپی تێرۆریستیی تاڵبان دەکات.
مەلا زەبیحوڵڵا لە وتووێژ لەگەڵ "الشرق الاوسط" دا ڕایگەیاندووە کە "ئێمە پێوەندی باش و بە سوودمان لەگەڵ ئێران هەیە و ڕێککەوتنی ناوچەیمان لەگەڵ ئەو ڕێژیمە هەیە، ئێران پشتیوانی ماڵی و نیزامی لە ئێمە دەکات و چەکوچۆڵمان بۆ دابین دەکات تا لەگەڵ ئامریکا شەڕ بکەین".
بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە لێدوانەی مەلا زەبیحوڵڵا تاڵبان وتەبێژی فەرمی و کەسی دووهەمی تاڵبانی ڕەت کردووەتەوە، بەڵام ئەوە لە کاتێک دایە کە ڕێژیمی ئێران لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە بە پشتیوانی له گرووپە تێرۆریستییەکان تاوانبار دەکرێت و نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە.
ساڵی ڕابردووش هەیئەتێکی تاڵبان لە ئەفغانستان لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کۆبووە و ڕایانگەیاند کە ئێمە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لە سەر پێشگرتنی هێرشی داعش بۆ ئێران ڕێککەوتووین.
هەروەها لەو پێوەندییەدا، یەکێکی دیکە لە فەرماندەرانی سپای تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران بە ناوی "سالار ئابنووش" جێگری قەرارگای "ثامن الائمە" چەند ڕۆژ پێش باسی لەوە کردووە کە؛ لە داهاتوویەکی نزیکدا سپای پاسداران لە ئورووپا و ئامریکا دادەمەزرێنین.
ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران لە دوایین ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بە یەکەمین وڵات بۆ پشتیوانی لە تێرۆریزم لە قەڵەم درا.