۱۳۹۵/۰۷/۲۵


ئامریکا بەردەوامە لە گەمارۆکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی

ئامریکا بەردەوامە لە گەمارۆکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی

کوردستان میدیا: بەپێچەوانەی بانگەشەکانی دەوڵەتی یازدەیەمی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ کۆتایی هاتنی گەمارۆ و تەحریمەکان، وەزیری وزەی ئەم وڵاتە ڕایگەیاند پێداگرین لەسەر بەردەوامی تەحریمەکان.
بەپێی هەواڵی هەوالدەرییەکان، "ئێرنێست مۆنیز" وەزیری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا وتووێژەکان و ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران تەنیا بۆ ئەوە بوو کە هەڕەشە و مەترسییەکانی بەرنامەی ناوکی کۆماری ئیسلامی کەم بکرێنەوە.
ناوبراو وتوویەتی ڕیککەوتنی ناوکی نەیتوانیوە هەموو کێشەکانی ئێمە و ڕێژیمی تاران چارەسەر بکات.

مۆنیز جارێکی دیکە باسی لە نیگەرانییەکانی واشەنگتۆن لەپێوەندی لەگەڵ پشتیوانییەکانی کۆماری ئیسلامی لە گروپە توندئاژۆ ئیسلامییەکان و لایەنە تێرۆریستییەکان و هەروەها بەردەوامی پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کرد و وتی ئەگەری تەحریمی زیاتر بەدژی کۆماری ئیسلامی بوونی هەیە.

ماوەیەک پێش ئێستاش "بێن ڕوودێز" یاریدەدەری ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نەتەوەیی کۆشکی سپی بە نیگەرانییەوە باسی لە هەوڵەکانی ڕێژیمی تاران لەپێوەندی لەگەڵ پڕچەک کردنی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ڕووسیەوە کردبوو.

بڵاوبوونەوی ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە ڕوحانی و باندەکەی بەردەوام بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە هاوکات لەگەڵ واژۆکردنی "بەرجام" تەحریمەکانیش کۆتاییان پێدێت و چەرمەسەرییەکان لە ئێران بوونیان نامێنێت.