ئاماری بریندارانی ڕێژیم لە تێکهەڵچوونەکەی ناوچەی هەورامان ئاشکرا کرا

کوردستان میدیا: پاش ئەوەیکە یەکێک لە مۆڵگەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی هەورامان هێرشی کرایە سەر، ئاماری کوژراو و بریندارەکانیان ئاشکرا کرا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوای ئەوەیکە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، هێزێکی چەکداری نەناسراو، کاتژمێر ٥:٠٠ی سەر لە بەیانی هێرش دەکەنە سەر مۆڵگەیەکی سپای تێرۆریستی پاسداران، ئاماری بریندارەکانی ڕێژیم لەو تێکهەڵچوونەدا، ئاشکرا بووە.
هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە؛ لەو هێرشەدا ژمارەیەک بەکرێگیراو و خۆفرۆش بە سزای تاوانەکانیان گەیشتوون.
شوناسی ئەو خائینانە بە خاکی نیشتمان بە ناوەکانی "محەممەد میرزائەسکاب، جەماڵ فرشتە، سرووش فرشتە، هوشیار نووریموقەدەم، خەڵکی ئەسپەرێزن، ساڵح مورادی جاش خەڵکی هەجیج، حەسەن قوربانی خەڵکی ناو، حوسێن پاسدار خەڵکی قوروە" ڕاگەیەندراوە.
هەروەها هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند کە؛ دۆخی جەستەیی چەند کەس لەو بەکرێگیراونە بە ناوەکانی "حەسەن، حوسێن و جەماڵ" زۆر شپرزەیه و بۆ نەخۆشخانەی کرماشان بەڕێ کراون.
ڕۆژی ڕابردوو لە ئەنجامی هێرش بۆ سەر مۆڵگەیەکی سپای پاسداران لە گوندی ڕواری سەوڵاوا سەر بە ناوچەی هەورامان، ٧ کەس لە هێزە داگیرکەرەکانی ڕێژیمی ئێران بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانەی شاری مەریوان گوازراونەوە.
لە ماوەی ڕابرددودا چەندین جار هێرش کراوەتە سەر بنکە و ناوەندە نیزامییەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێران.