۱۳۹۵/۰۸/۰۲


فەرماندەی سپای تێرۆریستی ڕێژیم کوژراوەکانی سووریه به ئەولیای ئیلاهی لە قەڵەم دا

فەرماندەی سپای تێرۆریستی ڕێژیم کوژراوەکانی سووریه به ئەولیای ئیلاهی لە قەڵەم دا

کوردستان میدیا: محەممەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران کوژراوەکانی شەڕی سووریەی به ئەولیای ئیلاهی لە قەڵەم دا.
بەپێی ڕاپۆرته بڵاوکراوەکان، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٣٠ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، جەعفەری یەکێک لە بەرپرسانی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران له ڕێوڕەسمێکدا لەگەڵ بنەماڵەی کوژراوانی شەڕی سووریه باسی لەوە کردووە کە ئەو کەسانەی لە سووریه دەکوژرێن، ئەولیای ئیلاهین.
لەو ڕێوڕەسمەدا جەعفەری بۆ سەرنیاکردنەوەی شکستی خۆیان له سووریه و سەرپۆشکردنی ڕێژەی کوژراوەکانی خۆیان ئەو وەسفەی بە کار هێنا.

ناوبراو هەروەها له درێژەدا گوتویەتی کە بەرگریی چەکدارانە لە شۆڕشی ئیسلامی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران شانازییەکی گەورەیە کە نەسیبی هەر کەسێک نابێت.

ئەو پاسدارە تێرۆریستەی ڕێژیم هەروەها گوتی کە ئێمە دەبێ پەرە بەو بەرەیە بدەین و بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی شۆڕش کە هەمان بەرگریی چەکدارییە درێژەبەم ڕێگایە بدەین.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین ئەندامی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە شەڕ و پێکدادنەکانی سووریەدا کوژران.

هەروەها چەن رۆژ لەمەوبەریش ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران لە لایەن شوڕای کەنداو به پشتیوانی لە حوسییەکانی یەمەن و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتە مەحکووم کرا.

مەولود چاوش ئوغڵووی وەزیری کار و باری دەرەوەی تورکیه ش لە کۆبوونەوەی شوڕای کەنداو کە چەند ڕۆژ پێش لە ڕیازی عەرەبستان بەڕێوەچوو داوای لە ڕێژیمی ئێران کرد دەست لە ئاژاوەنانەوە و پشتیوانییەکانی لە گرووپە توندڕەوکان هەڵگرێت.

هەتا ئێستا زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و جیهان و بەتایبەت وڵاتانی عەرەبیی وەکوو یەمەن، بەحرەین و میسر، رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتەکانیان تاوانبار کردووە.