۱۳۹۵/۰۸/۰۲


یاسای "سلامت روان" بەستێن خۆش کردن بۆ نەهێشتنی نەیاران و جیابیران

یاسای

کوردستان میدیا: ڕەشنووسی یاسای "سلامت روان" ڕادەستی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی دەوڵەت کرا تاکوو بەهۆیەوە ناوەندە ئەمنیەتی و قەزاییەکانی ڕێژیم بتوانن ئازادانەتر چالاکانی سیاسی و جیابیران لەنێو ببەن.
پاش ١٢ ساڵ مشت و مڕ سەرۆکی ناوەندی سڵامەتی ڕەوانی، کۆمەڵایەتی و ئێعتیادی وەزارەتی بێهداشتی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە ڕەشنووسی یاسای "سلامت روان" ئامادە و ڕادەستی دەوڵەت کراوە کە بەهۆیەوە ناوەندە قەزاییەکانی ڕێژیم دەتوانن بەبێ هیچ لەمپەڕێک تاکەکانی کۆمەڵگا ڕەوانەی نەخۆشخانە دەروونییەکان بکەن و بە زۆرەملی لەوێ بیانهێڵنەوە.
هەرچەند کە ئۆرگانە پێوەندیدارەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەم گەڵاڵەیە بەمەبەستی پشتگیری کردن لە کەسانی تووش بوو بە نەخۆشییە دەروونییەکانە و بۆ بردنە سەری ئاستی سڵامەتی ڕەوانی کۆمەڵگایە بەڵام چالاکانی سیاسی پێیان وایە ئەمە ڕێکارێکی قێزەونی ناوەندە ئەمنیەتی و قەزاییەکانی ڕێژیمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیابیران و نەیارانی کۆماری ئیسلامی چوونکە لە بەشێک لەم ڕەشنووسەدا هاتووە هێزی دادوەری دەتوانێ بەبێ پرس کردن بە هیچ لایەنێک یان تەنانەت خودی تاکیش، بە زۆرەملی ئەو کەسە دەسبەسەر بکات و لە ژێرناوی نەخۆشێکی ڕەوانی بۆ نەخۆشخانەی "دەروونی" بیگوازێتەوە.

نموونەی لەم چەشنە لە مێژوودا تەنیا لە سەردەمی هیتلێر بیندراوە کە لەو سەردەمەدا "گێشتاپۆ"ی ئاڵمان نەیارانی دەوڵەتی نازی دەسبەسەر دەکرد و پاش گواستنەوەیان بۆ ناوەندە پزیشکییە تایبەتەکانی خۆی لە ژێرناوی نەخۆشێکی دەروونی نۆڕم شکێن لەباری فکرییەوە لەنێوی دەبردن.