۱۳۹۵/۰۷/۱۷


ڕێپێوان دژ بە بڵاوکردنەوەی مادەی سڕکەر لە گوندێکی کامیاران بەڕێوەچوو

ڕێپێوان دژ بە بڵاوکردنەوەی مادەی سڕکەر لە گوندێکی کامیاران بەڕێوەچوو

کوردستان میدیا: خەڵکی گوندی شایەنی سەر بە شاری کامیاران بە هۆی بڵاوبوونەوەی ئاشکرای مادەی سڕکەڕ لەو گوندە، خوپیشاندانیان کرد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، دانیشتوانی گوندی "شایەن"ی سەر بە شاری کامیاران لە پارێزگای سنه، دژ بە بڵاوکردنەوەی مادە سڕکەرەکان لە گوندەکەیان خۆپیشاندانیان بەڕێوەبرد.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە؛ دانیشتوانی ئەو گوندە دروشمیان دژی ئەو کەسانەی کە ماددەی سڕکەر لەو گوندە بڵاو دەکەنەوە بەرز کردووەتەوە و ئەو کارەیان شەرمەزار کردووە.

هەندێک لە دانیشتوانی گوندی شایەنی باسیان لەوە کردووە کە کەسانی سەر بە ڕێژیمی داگیرکەر و مۆرەکانی ئەو ڕێژیمە، دەستیان لە بڵاوکردنەوەی ماددە سڕکەرەکان لەو گوندەدا هەیە و ڕێژیم پشتیوانییان لێ دەکات.

یەکێک لە هۆکارەکانی بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرە سەنعەتی و پیشەییەکان لە ئێراندا، بۆ قازانجی زۆری کارگە بەرهەمهێنەرەکانی ماددەی سڕکەر و هەروەها سیاسەتی سیستماتیکی ڕێژیم سەبارەت بە بڵاو کردنەوەی ماددەی سڕکەر دەگەڕێتەوە.

ئێران لە دراوسێیەتی وڵاتی ئەفغانستاندایە کە یەکێکە لە ڕێگا سەرەکییەکانی ترانزیتی ماددە سرکەرەکان لە جیهاندا، کە بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی ئەنجام دراون زیانەکانی بەکارهێنان و بەرهەمی ماددە سڕکەرەکان لە ئێراندا ١٠ هەزار میلیارد تمەن مەزەندە دەکرێت کە لەو رێژەیە سەدا ٤٧ی بەکارهێنەران، لە سەدا ٢٩ی کۆمەڵگا و لە سەدا ٢٤ی دامەزراوەکانی رێژیم زیانیان پێ‌دەگات.

گوندی شایەنی لە ٢٤ کیلۆمیتریی شاری کامیاران هەڵکەوتووە، و ٦٣٠ بنەماڵەی تێدا نیشتەجێیە و حەشیمەتی ئەو گوندە ٢٢٠٠ کەسه.