دوو هاووڵاتیی عەرەبی ئەهوازی لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کران

کوردستان میدیا: دوو چالاکی عەرەبی ئەهوازی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، دوو چالاکی عەرەبی ئەهوازی که شوناسیان بە عامر سیلاوی و عارف نواسری ڕاگەیەندراوەیان دەستبەسەر کردووە.
عامر سیلاوی دانیشتووی ناوچەی کوتعەبدوڵڵا سەر بە گەڕەکی ئاریا لە ماڵی خۆیدا دەستبەسەر کراوە.
ناوبراو تەمەن ٣٤ ساڵ و خاوەنی چەند منداڵە و تا ئێستا چەندین جاری دیکەش دەستبەسەر و بە دانانی بارمته ئازاد کراوە.
سیلاوی لە بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی دژ بە ڕاگواستنی ئاوی کارون بۆ ئیسفەهان و شارەکانی دیکە ڕۆڵی چالاکی هەبووە.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەزبەر شاعیرێکی عەرەب خەڵکی شاری شادگان بە ناوی عارف نواسری بە هۆی "هۆنینەوەی شێعر بە زمانی عەرەبی بە ناوەرۆکی شوناسخوازانە دەستبەسەر کراوە.
تا ئێستا لە چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە عەرەبە هیچ زانییاریەک لە بەر دەست دا نیه.
رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەبەردەوامی گوشاری خستۆتە سەر هاووڵاتیانی عەرەب و دوای دەسبەسەر كردنیشیان ناهێڵێ بنەماڵەكانیان چاویان پێیان بكەوێت.