۱۳۹۵/۰۸/۰۱


پوواز لە جەستەی بەرپرسانی ڕێژیمی داوە

پوواز لە جەستەی بەرپرسانی ڕێژیمی داوە

کوردستان میدیا: محەممەدحوسێن کەڕووبی کوڕی یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بە تۆمەتی هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی تاوانبار کرا.
بەپێی ڕاپۆرته بڵاوکراوەکان، محەممەدحوسێن کەڕووبی کوڕی "مەهدی کەڕووبی" یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی نامەی باوکی ڕوو لە سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران حەسەن ڕۆحانی، بە هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی مەحکووم کرا.
کەڕووبی ئەو بەپرسەی ڕێژیم، لە نامەیەکدا داوای کردووە کە "دەسەڵاتی ملهۆڕ" لە دادگایەکی فەرمیدا، دادگایی بکەن.

مەهدی کەڕووبی یەکێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانە کە لە ڕەوتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٨٨دا وێڕای میرحوسێن مووسوی یەکێکی دیکە لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بە هۆی ناڕەزایەتی لە ئەنجامی هەڵبژرادنەکان دەستبەسەر کران.

کەڕووبی لە نامەیەکدا کە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ بڵاوی کردووە باسی لەوە کردبوو کە؛ هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٨٤ و ٨٨ی هەتاوی موهەندیسی کرابووە و بە دەستێوەردانی بەشێک لە هێزەکانی سپای پاسداران، بەسیج و وەزارەتی ئیتلاعات مافەکەی لێ زەوت کرا.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها باسی لەوە کردبوو کە؛ عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم "ملهۆڕ، خۆبین، خۆویست و دەسەڵات دۆست"ـه و خامنەیی دوای مەرگی خومەینی ڕێژیمی بەلاڕێدا بردووە.

لە هەواڵێکی هاوشێوەشدا، بنەماڵەی ئایەتوڵڵا مۆنتەزێری لە کاناڵی تێلێگرامەکەیاندا ئاشکرایان کرد کە؛ ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەزبەر، ئەحمەد مۆنتەزێری کوڕی حسەینعەلی مۆنتەزێری جێگری ئەوکاتی خومەینی، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی فایلی دەنگیی باوکی کە تێیدا باسی لە جینایەتەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی کردبوو، لە دادگای تایبەتی "ڕوحانیەت" لە قۆم کەوتە بەر لێپرسینەوە.

هەروەها پاش ٧ ساڵ لە جینایەتەکانی "عاشورا"ی ساڵی ٨٨، کە تێیدا دەیان کەس لە لاوانی بێ‌تاوان بوونە قوربانی، وتەبێژی فڕاکسیۆنی "ئۆمید" ڕایگەیاند؛ دەبێ ئەو پەروەندەیە بە یەکجاری دابخرێت.

ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەزبەر، مۆحەممەدڕەزا عارف وتەبێژی فڕاکسیۆنی "ئۆمید" سەر بە باندی حەسەن ڕۆحانی بە هەواڵدەریی ئیلنای ڕاگەیاند: پێویستە هەموو پەروەندەکانی ڕووداوەکانی ساڵی ٨٨ دابخرێن، ئەمەش لەبەر "قازانجی گشتیی وڵات".

لە ڕەوتی ڕێپێوان و خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٨٨دا کە بە ناڕەزایەتی لەمەڕ دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری هاتە ئاراوە، هێزە لیباس شەخسییەکانی ڕێژیم ڕژانە سەر شەقامەکان و بە باتۆم و گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد و لە هەندێک حاڵەتدا بە دەسڕێژی ڕاستەوخۆ بوونە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان خۆپیشاندەر؛ هەروەها کۆمەڵێکی بەرچاو لە خەڵک دەستبەسەرکران و جینایەتە بەدناوەکانی گەوهەردەشت و کەهریزەک خوڵقا.