۱۳۹۵/۰۸/۰۱


دیپلۆمات تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران لە لایەن دادوەری ئارژانتینەوە داوای ڕادەستکردنەوەی کرا

دیپلۆمات تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران لە لایەن دادوەری ئارژانتینەوە داوای ڕادەستکردنەوەی کرا

کوردستان میدیا: عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی وەزیری پێشووی کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران و دیپلۆمات تێرۆریستی بە ناوبانگ، لە لایەن دادوەری ئارژانتینەوە داوای ڕادەستکردنەوەی کرا.
هەواڵدەریی دەوڵەتیی ئارژانتین "تلام" لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە؛ بەرپرسێکی باڵای ئەو وڵاتە داوای لە دەوڵەتی عێراق کردووە کە عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی وەزیری کاروباری دەرەوەی پێشووی ڕێژیمی ئێران و دیپلۆمات تێرۆریستی بە ناوبانگی ئەو ڕێژیمە ڕادەستی دەوڵەتی ئارژانتین بکات.
عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی وەزیری کاروباری دەرەوەی پێشووی ڕێژیمی ئێران و دیپلۆمات تێرۆریستی بە ناوبانگ، هەنووکە پۆستی ڕواێژکاریی عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی لەئەستۆیە.

ئەو داواکارییەی دەوڵەتی ئاراژانتین دوای ئەوە هاتووە کە؛ عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی ڕۆژی پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢٩ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی بۆ بەشداری لە دانیشتنی شۆرای باڵای "کۆڕی جیهانیی بێداریی ئیسلامی" سەردانی بەغدای کردووە.

قازیی فێدڕاڵ "ڕۆدۆڵفۆ کانیکوبا کوڕاڵ" بەرپرسی دۆسیەی چاندنی بۆمب لە ساڵی ١٩٩٤ی زایینی لە ئەنجومەنی هەمیاریی ئیسرائیل و ئارژانتینه.

تەقاندنەوەی ناوەندی جولەکەکانی ئارژانتین، ئەو کردەوە تێرۆریستیەیە کە لە ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕی ١٣٧٣ی هەتاوی‌دا، بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٨٥ هاووڵاتیی جولەکە و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش بریندار بوون.

له‌ ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌ی بنكه‌ی هاویاریی جووله‌كه‌كانی ئا‌رژانتین، كه‌ بوو به‌ هۆی كوژرانی ٨٥ شارۆمه‌ندی جووله‌كه‌ و برینداربوونی زیاتر له‌ ٣٠٠ کەسی دیکە، داواكاری گشتیی ئا‌رژانتین به‌رپرسانی باڵای ڕێژیمی ئیسلامی و حیزبوڵڵای به‌ به‌رپرسیاری ئه‌م هێرشه‌ تێرۆریستییه‌ زانی.
ئاڵبێرتۆ نیسمان، دادوەری دۆسیەی "ئامیا" بەرپرسیارەتی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ڕۆڵی رێژیمی ئێران لە کردەوەی تێرۆریستیی ناوەندی جولەکەکانی ئارژانتینی لە ئەستۆ بوو.

دادوەر ئاڵبێرتۆ نیسمان، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە پشتیوانیی ماڵی لە تەقینەوەی ناوەندی جولەکەکانی ئارژانتین‌ تاوانبار کردبوو و خوازیاری گرتن و دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک موحسێن ڕەزایی، عەلی‌ئەکبەر هاشمیی‌ڕەفسەنجانی، عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی و سەردار ئەحمەد وەحیدی، لە لایەن پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتێرپۆل) کرد بوو.

دادوەرەی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە کردەوەی تێرۆریستیی ئامیا، سەرکۆماری ئارژانتین، کریستیان فێرناندێزی بەوە تاوانبار کرد بوو کە لە سەردەمی سەرکۆماریی مەحموود ئەحمەدی‌نژاددا، دەستی لە شاردنەوەی ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە کردەوەی تیرۆریستی ئامیادا هەبووە.

پاش ١٣ ساڵ لەم ڕووداوە تێرۆریستییەی ئامیا، دادوەری گشتیی ئارژانتین خوازیاری دەستبەسەر کردنی ٩ کەس بریتی لە: عەلی‌ئەکبەر هاشمیی‌ڕەفسنجانی و عەلی‌ئەکبەری ویلایەتی لە لایەن پۆلیسی نێونەتەوەیی بووە و داوا لە ئینتێرپۆلیش کراوە کە وێڕای ئەو دوو کەسە، ٦ کەسی دیکە بە ناوەکانی عەلی فەلاحییان (وەزیری ئیتلاعاتی ئەوکاتی ڕێژیمی ئیسلامی)، موحسێن ڕەزایی (فەرماندەی گشتیی ئەوکاتی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامی)، ئەحمەدڕەزا ئەسغەری (سەرۆکی پێشووی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئارژانتین)، ئەحمەد وەحیدی (فەرماندەی پێشووی هێزی تایبەتی قودسی سپای پاسداران)، مۆحسێن ڕەبانی (ڕاوێژکاری فەرهەنگیی پێشووی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە ئارژانتین) و عێماد مەغنییە (بەرپرسی ئەوکاتی ستادی ئۆپێراسیۆنی تایبەتی حیزبوڵـڵای لوبنان) دەستبەسەر بکات.

ئالبێرتۆ نیسمان، کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە کارگێڕی تەقینەوەی "ئامیا"، واتە ناوەندی جوولەکەکانی ئارژانتین تاوانبار کرد، بەفرانباری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی، لە ماڵەکەی خۆیدا بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی کوژرا.