دانپێدانانی سەرسووڕهێنەری بەرپرسانی ڕێژیم لەمەڕ گیرۆدەبوون بە ماددە سڕکەرەکان

کوردستان میدیا: ئاماری گیرۆدەبووان بە ماددە سڕکەرەکان لە ئێراندا سنووری قەیرانی تێپەڕ کردووە و بەرپرسانی ڕێژیم زانیاریی سەرسووڕهێنەر لەو بارەیەوە بڵاو دەکەنەوە.
هەواڵدەریییەکانی ڕێژیمی ئێران لە زاری عەلی هاشمی، سەرۆکی کۆمیتەی سەربەخۆی بەرەنگاربوونەوە دژی ماددە سڕکەرەکان سەر بە کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم بڵاویان کردەوە کە ئاماری گیرۆدەبووان بە ماددە سڕکەرەکان لە ئێراندا کەمتر له ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس نیە.
ناوبراو هەروەها باسی ئەوەی کردووە ئەگەر ئەو کەسانەی کە بۆ ڕابواردن و کات بەسەربردن ماددە سڕکەرەکان بەکار دێنن ئەژمار بکەین ئەو ئاماره دەگاتە ٤ میلیۆن کەسیش.
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی کە تەنیا له ١٣ میلیۆن کرێکاری ئێراندا لە سەدا ٢١یان گیرۆده به ماددە سڕکەرەکانن کە بەم شێوەیە نزیک بە ٣ میلیۆن کرێکاری گیرۆده بە ماددەی سڕکەر له ئێراندا هەیە.
سەرۆکی کۆمیتەی سەربەخۆی بەرەنگاربوونەوە دژی ماددە سڕکەرەکان باسی لەوەش کرد کە بێگومان ئەو ئامارە لەوەی کە هەیە زیاترە.
عەلی هاشمی بێکاری و نەبوونی هەلی کاری بە یەکێک لە هۆکارە سەرکییەکانی گیرۆدەبوون بە ماددە سڕکەرەکان وەسف کرد.
بە وتەی ناوبراو ڕێژەی بێکاری لە هەندێک لە شارەکانی ئێراندا نزیک بە ٨٠ لە سەدە.
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوەش کرد کە محەممەد خاتمی زیاتر لە ١٠ هەزار کەسی گیرۆدە بە ماددە سڕکەرەکان ڕادەستی دەوڵەتی ئەحمەدینژاد کرد و ناوبراویش پاش ٣٣قات زیاترکردنی ئەم ڕێژە، ٣٣٥ هەزار کەسی گیرۆده به ماددەی سڕکەری سەنعەتی ڕادەستی ڕووحانی کرد.
بەپرسانی ڕێژیمی ئێران ئەگەرچی دان بە هەڕەشەی گیرۆدەبوون بە ماددە سڕکەرەکان دا دەنێن بەڵام هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە هەڵناگرن.