۱۳۹۵/۰۷/۰۷


وەزیری وزەی ئەمریكا: ئێران نابێ بەهۆی بەردەوامیی بەشێك لە گەمارۆكانەوە گلەیی بكات

وەزیری وزەی ئەمریكا: ئێران نابێ بەهۆی بەردەوامیی بەشێك لە گەمارۆكانەوە گلەیی بكات

كوردستان میدیا: ئێرنێست مۆینز، وەزیری وزەی ئەمریكا دەڵێ ڕێژیمی ئێران مافی ئەوەی نیە بە هۆی بەردەوامبوونی بەشێك لە گەمارۆ ئابوورییەكان گلەیی لە ئەمریكا بكات.
مۆینز ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی سیپتامبر لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی لە پەراوێزی كۆبوونەوەی ساڵانەی ئەندامانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوكی لە بنكەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا ڕایگەیاند: "ئەو بەشە لە گەمارۆكان كە دەبوایە هەڵبوەشێنرێنەوە، هەڵوەشێنرانەوە. ئەوە مەسەلەیەكە كە ئێمە بەڵێنمان داوە و جێبەجێشمان كردووە".


پێشتر عەلی ئەكبەر ساڵحی، سەرۆكی ڕێكخراوی وەزی ئەتۆمیی ئێران گوتبووی: "چاوەڕوانییەكان بۆ هەڵوەشانەوەی تەواو و خێرای هەموو گەمارۆكانی سەر ئێران بەگوێرەی بەرجام، وە دی نەهاتوون".

هەروەها حەسەن ڕۆحانی، سەركۆماری ڕێژیمی ئێرانیش حەوتووی ڕابردوو گوتبووی كە ئەمریكا بەرانبەر بە بەڵێنییەكانی خۆی لە ڕێككەوتنی ناوكیدا پابەند نەبووە، ڕێككەوتنێك كە بەو پێیە ئێران بەرنامەی ئەتۆمیی خۆی سنووردار كردووە و لە بەرانبەردا، ئەو گەمارۆیانەی كە بە هۆی ئەو بەرنامەیە بە سەریدا سەپێنرابوون، هەڵدەوەشێنرێنەوە.

بەڵام وەزیری وزەی ئەمریكا گوتی كە واشینگتۆن تەنانەت زیاتر لە بەڵێنییەكانی خۆی چۆتە پێش و بەرپرسانی ئەمریكایی بە كۆمەڵێك لە بانكە ئورووپاییەكانیان وتووە كە هیچ بەربەستێكیان بۆ پێوەندی و هاوكاری لەگەڵ ئێران نیە، بەڵام تا ئێستا تەنیا چەند بانكی بچووك قبووڵیان كردووە كە لەگەڵ تاران هاوكاری بكەن.

بانكە دەرەكییەكان بەهۆی ترس لە پێشێلكرانی هێندێك لە گەمارۆكان كە هێشتا ئەمریكا دژ بە ئێران بەڕێوەیان دەبات، ترسیان لە هاوكاریكردن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەیە. ئەو گەمارۆیانە بەهۆی هێندێك پرسی بەدەر لە چالاكیی ناوكی بە سەر ڕێژیمی ئێراندا سەپێنراون.