۱۳۹۵/۰۷/۰۷


قەرزەکانی دەوڵەتی یازدەیەم ٢٠٠% زیادیان کردووە

قەرزەکانی دەوڵەتی یازدەیەم ٢٠٠% زیادیان کردووە

کوردستان میدیا: هاوکات لەگەڵ چوونە سەری ڕێژەی نەخدینەیی لە ئێران بەڕێژەی ٣٠% بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، بانکی ناوەندیش ئاشکرای کرد کە تەنیا لە ٤ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ڕێژەی قەرزەکانی دەوڵەت ٢٠% زیادیان کردووە.
ڕۆژنامەی "ابرار اقتصادی" بڵاوی کردەوە؛ بانکی ناوەندیی ڕێژیم لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندووە لە کۆتایی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا ڕێژەی نەخدینەیی ٣٠% زیادی کردووە و لە سنووری ١٠٨١ هەزار میلیارد تمەن تێپەڕیوە.

هاوکات لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە ڕێژەی قەرزەکانی دەوڵەت و کۆمپانیا دەوڵەتییەکان بریتییە لە ٦٢ هەزار میلیارد تمەن کە ئەمە نیشاندەریی چوونەسەری ٢٠٠%ی ئاستی قەرزەکانە.؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە پووشپەڕی ساڵی ٩٣دا ئەم ڕێژەیە ٣٤ هەزار میلیارد تمەن بووە واتە لە ماوەی ٢ ساڵدا قەرزەکانی دەوڵەت نیزیک بە ٢ قات زیادیان کردووە.

درکاندنی ئەم ئامارانە لەکاتێکدایە کە لێپرسراوانی حکومەتی یان حاشا لەم کەتوارە ئابورییانە دەکەن یان بەردەوام سەرقاڵی دانی بەڵێنی بێ نێوەڕۆکن، بۆوێنە لە پوشپەڕی ساڵی ٩٤دا وەزیری ئابوریی ڕێژیم بەڵێنی دابوو کە بەپێی پلانی "دانەوەی قەرزەکان" لە ماوەیەکی کورتی پاش بەرجام ڕێژەی قەرزەکان بگەیێننە کەمترین ئاستی خۆی!

بەپێی لێدوانی کارناسان چاوەڕێ دەکرێت لە داهاتوویەکی نیزیکدا شاڵاوێکی دیکەش لە کەموکوڕییە ئابورییەکان یەخەی ئێران دابگرێت؛ ڕۆژنامەی "جهان صنعت" لە زاری سکرتێری ماڵی ئابوریی ئێران، موسعود هوشمەندەوە بڵاوی کردەوە کە بەهۆی دانی کارتی ئیعتباری لە ماوەیەکی زەمەنی کورتدا ڕێژەی نەخدینەیی و هەڵاوسان لە ئێراندا دەچێتە سەرێ و دەبێ چاوەڕێی لافاو بین.