ڕێژەی هەڵاوسان لە ٦ مانگی داهاتوودا زیاد دەکات

کوردستان میدیا: بەپێچەوانەی ڕاپۆرت و پێشبینییەکانی ناوەندی ئامار، سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئێران دەڵێ، دەبێ چاوەڕێی چوونەسەری ڕێژەی هەڵاوسان لە داهاتوویەکی نیزیکدا بین.
مەسعوود خانساری لە هەژدەیەمین دانیشتنی لێژنەی نوێنەرانی ژووری بازرگانیی تاران، وێڕای ئاماژەکردن بە دۆخی شپرزەی ئابووریی ئێران وتی: لە وەرزی یەکەمی ساڵی ٩٥دا، قەرزەکانی دەوڵەت بە بەراورد لەگەڵ ڕەشەمەی ساڵی ٩٤، ١٦ هەزار میلیارد تمەن زیادی کردووە و ڕێژەی نەخدینەیی لە بەهاری ئەمساڵدا، بە بەراورد لەگەڵ ڕەشەممەی ٩٤، ٢/٤% گەشەی کردووە.. کە بوونی ئەم ٢ فاکتە بەسە بۆ ئەوەی بڵێین لە ٦ مانگی داهاتوودا دەبێ چاوەڕێی هەڵاوسانی زیاتر بین.
لە چەند مانگی ڕابردوودا تیمی ئابووریی دەوڵەتی ڕوحانی بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە توانیویانە هەڵاوسان کۆنتڕۆڵ بکەن و گەیاندوویانەتە ٨%.
خانساری هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە دیاردەی "سپی کردنەوەی پارە" کرد و وتی: ئێران و کۆرەی باکوور لە بواری سپی کردنەوەی پارە لە ئاستی جیهاندا جڵەوی کاروانیان گرتۆتە دەست، کە ئەمە یەکێک لە هۆکارەکانی متمانە نەکردنی بیانییەکانە بۆ دانانی سەرمایە لە ئێراندا.
سەرۆکی ژووری بازرگانی دواتر بە نیگەرانییەوە باسی لە بەشداریی هێزە سەربازی و ئەمنیەتییەکان لە بیاڤی ئابووریدا کرد و وتی ئەگەر دەمانهەوێ سەنعەت و ئابوورییەکەمان گەشە بکات، پیویستە دەستی نیهادە ئەمنیەتی و سەربازییەکان لەم بیاڤەدا کورت بکەینەوە.
ساڵانێکی دوور و درێژە کە نیهادەکانی وەک سپای پاسداران لە ڕێگەی قەرارگای خاتەمولئەنبیا و چەندین دامەزراوەی ترەوە سەرقاڵی هەڵلووشینی داهات و سەرمایەکانی ئێرانن و ئەمەش بەبڕیار و پشتگیریی سەرانی پلەبەرزی ڕێژیم ئەنجام دەدرێت.