دارستان و لەوەڕگەکانی شاری پاوەش ئاگریان تێبەربوو

کوردستان میدیا: لەوەڕگە و دارستانەکانی شاری پاوە ئاگریان گرت. ئەگەرچی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا، بەڵام دوای چەند کاتژمێر سەرلەنوێ لە ناوچەی تەپەی هۆڵە سەری هەڵدایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە درێژەی ئاگرکەوتنەوە لە لەوەڕگە و دارستانەکانی کوردستان، بەشێکی بەرچاوی لێڕەوارەکانی گوندی "دشە"ی پاوە لە ئاگردا سووتان و خەسارێکی زۆری بەرکەوت.
ئاگرکەوتنەوەکە ماوەی ٤ کاتژمێر بەردەوام بووە و ڕووبەرێکی زۆر لە دارستانەکانی گوندی دشە لە بلێسەی ئاگردا سووتان.
پانتایەکی بەرین لە ناوچە سەرسەوزەکانی کوردستان بە هۆکاری دەستکرد و مرۆیی بەردەوام دەبێتە قوربانیی ئاگرکەوتنەوەکان. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ناوەندەکانی فریاکەوتن هیچ هەوڵێک لەمەڕ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرکەوتنەوانە نادەن و هەندێ جار چەندین شەو و ڕۆژ ئاگرەکە بەردەوام دەبێت.
ئەرکی کۆنتڕۆڵ کردن و کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستان، لە ئەستۆی ناوەندە حکوومەتیەکانی وەک جەنگەڵبانیە، بەڵام زۆرتر خەڵک و چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێز ئەرکی کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان بەئەستۆ دەگرن.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هێزەکانی سپای تێروریستی کۆماری ئێسلامیی ئێران بە بیانووی بوونی هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچەیە ئاگریان لە دارستان و لەوەڕگەکانی گوندی دەرەوران و گوندەکانی دەرووبەری ئەو گوندە بەرداوە.