بەكرێگیراوانی حووسیی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی شەش مانگدا ١١٤٦ كەسی مەدەنییان كوشتووە

كوردستان میدیا: بەكرێگیراوانی حووسیی ڕێژیمی ئێران و لایەنگرانی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، دیكتاتۆری ڕووخاوی یەمەن لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ١١٤٦ هاوڵاتیی مەدەنییان لە یەمەن كوشتووە.
بە گوێرەی هەواڵی ئەلعەرەبییە، عێزەدین ئەسبەحی، وەزیری مافی مرۆڤی یەمەن ڕۆژی سێ شەممە لە كۆبوونەوەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە قاهیرە جەختی كردەوە كە لەو ماوەیەدا ٧٢ حاڵەتی پێشێلكرانی مافی مرۆڤ لە لایەن حووسییەكانەوە، تۆمار كراوە.
وەزیری مافی مرۆڤی یەمەن هەروەها ڕایگەیاند لە شەش مانگی ڕابردوودا ١٦٠ حاڵەتی بێسەروشوێنكردنی زۆرەملییش تۆمار كراوە.
هاوكات، گەورەترین كۆمپانیای بەرهەمهێنانی چۆكوچۆڵی ئەمریكای لاتین بە قاچاخی چەكوچۆَڵ بۆ حووسییەكان تۆمەتبار كراوە.
بەپێی ئەو بەڵگەنامانە كە دەست هەواڵدەریی ڕۆیتێرز كەوتوون، كۆمپانیای برزیلیی فۆرخارێس تۆرێس، گەورەترین كۆمپانیای بەرهەمهێنانی چەكوچۆڵ لە ئەمریكای لاتین، 8هەزار دەمانچەیان بە قاچاخچییەكی یەمەنی بە ناوی "فارێس موحەممەد حەسەن مەناع" فرۆشتووە و ناوبراویش لە هەنگاوێكدا كە بە پێشێلكردنی گەمارۆكانی سەر چەكدارانی حووسی و هاوپەیمانەكانیان دەژمێردرێت، چەكەكانی گەیاندۆتە ئەو وڵاتە.
ئەو بەڵگەنامانە هەروەها ئاشكرای دەكەن كە كۆمپانیای تۆرێس چەكەكانی ناردۆتە جیبۆتی و لەوێشەوە مەناع بۆ یەمەنی ناردووە.
شەڕی نێوخۆیی یەمەن لە سەرەتای ساڵی ڕابردووی زایینییەوە دوابەدوای ئەوە دەستی پێكرد كە حووسییەكانی بەكرێگیراوی ڕێژیمی ئێران بە زۆری چەك دەستیان دایە كوودەتای سەربازی و بەشێكی زۆر لە ناوچەكانی ئەو وڵاتەیان بە سەنعای پایتەختیشەوە داگیر كرد.