ناوەندی ئاشتیی نۆبێل باسی لە ئازادیی عەدنان حەسەنپوور کرد

کوردستان میدیا: ناوەندی ئاشتیی نۆبێل لە هەواڵێکدا باسی لە ئازادیی عەدنان حەسەنپوور کۆنترین ڕۆژنامەنووسی زیندانیی ئێران کرد.
لە ڕاپۆرتێکدا ناوەندی ئاشتیی نۆبێل باسی لەوە کردووە کە؛ ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵک لە ئێستادا بە هۆی خەبات بۆ ئازادیی ڕادەربڕین لە زینداندان و عەدنان حەسەنپوور ڕۆژنامەنووسی کورد کە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕیژیم بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، و دواتر حوکمەکەی بوو بە ١٥ ساڵ، لە زیندان ئازاد کرا.
ساڵی ٢٠٠٧ی زایینی، عەدنان حەسەنپوور خەڵاتی ئازادیی ڕۆژنامەنووسیی پەیامنێرانی بێسنوور- لقی سوید و خەڵاتی ئازادیی ڕۆژنامەنووسیی ئیتالیای پێ بەخشرا. هەروەها ساڵی ٢٠٠٨، خەڵاتی ڕێکخراوی قەڵەمی پارێزگای "باسک"ی لە ئیسپانیا وەرگرت.
عەدنان حەسەنپوور ئەندامی دەستەی نووسەرانی هەفتەنامەی ''ئاسۆ'' بوو کە لە شاری سنە بە هەر دوو زمانی کوردی و فارسی چاپ و بڵاو دەبووەوە.
عەدنان حەسەنپوور رێکەوتی ٥ی ڕێبەندانی ١٣٨٥ی هەتاوی دەستبەسەر و پاش چەند مانگ ڕاگیران لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات، ڕێکەوتی ٢٢ی جۆزەردانی ١٣٨٦ی هەتاوی لە دادگای ئینقلابی شارستانی مەریوان بە شێوەی نهێنی دادگایی و بە تۆمەتی ''هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و موحاربە'' بە ئێعدام مەحکووم کرا. ئەو حوکمە پاش سێ مانگ لە لقی ٣٢ی دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرایەوە و لە کۆتاییدا بە داخوازیی دادگایی دووبارە لەلایەن ساڵح نیکبەخت و سیروان هووشمەندی، پارێزەرانی عەدنان حەسەنپوور، حوکمەکەی هەڵوەشایەوە.
دواتر عەدنان حەسەنپوور لە دوو دادگاییدا لە ڕێکەوتی ١٦ خەرمانان و ١١ی ڕێبەندانی ١٣٨٧ی هەتاوی، کە دیسانەوە بە شێوەی نهێنی بەڕێوەچوو، سزای ٣١ ساڵ زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپا، بەڵام ئەو حوکمەش لەگەڵ ناڕەزایەتیی توندی داواگرەکانی بەرەوڕوو بووەوە و لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.
عەدنان حەسەنپوور، کۆنترین ڕۆژنامەنووسی زیندانیی ئێران، پاش ١٠ ساڵ زیندانی بوون، ڕێکەوتی ٢٠ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی بۆ باوەشی بنەماڵەکەی گەڕایەوە.