۱۳۹۵/۰۶/۲۷


چەواشەکارییەکانی ڕێژیم لە کوردستان بەردەوامە

چەواشەکارییەکانی ڕێژیم لە کوردستان بەردەوامە

کوردستان میدیا: هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیم لە کوردستان بۆ زۆر و زەوەند نیشاندانی هێزە بەسیجییەکانی، سەرقاڵی چەواشەکاری و دروست کردنی بەڵگەی ساختە و پەروەندەی بەسیج بۆ خەڵکە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ماوەی چەند ڕۆژێکە بەرپرسانی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە گوندی نەڵیوانی شنۆ بە هاوکاریی چەندین ناوەندی دیکەی حکومەتی، سەرقاڵی دروست کردنی کارتی بەسیج بۆ خەڵکی ئاساییە.

بەپێی ئەم هەواڵە؛ ئەم هەوڵەی ڕێژیم بەشێوەی نهێنی و ژێربەژێر و بەبێ ئاگاداری ئەو کەسانە دەکرێت کە دەکرێنە بەسیج، تەنانەت لە نێو ئەو کەسانەدا خەڵکانێکیش هەن کە لە ژیاندا بوونیان نەماوە.

هەواڵنێری ماڵپەری کوردستان میدیا لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە؛ سپای پاسداران بڕیاری بە بنکەکانی خۆی بەتایبەت لە گوندەکان داوە کە بە هەر شێوەیەک بۆیان دەکرێ، پەروەندەی بەسیج بۆ خەڵکی کوردستان دروست بکەن، جا چ بە ئاشکرا بێت یان بە نهێنی.

گریمانە دەکرێت فەرماندە و بەرپرسانی بەسیج و سپا بیانهەوێ لەم ڕێگەوە بوودجەیەکی زیاتر لە ژێرناوی "حقوق بسیجیان" وەربگرن و دواتر بۆ خۆیان هەڵیلووشن.