ئابووریی ڕێژیم نوقمی زەلکاوی ماددەی سڕکەرە

کوردستان میدیا: ئابووریی ڕێژیمی ئێران ساڵانە ١٢ میلیارد دۆلار بە هۆی کڕین و فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان خەساری ماددی پێ دەگات.
هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران لە زاری عەلی هاشمی سەرۆکی کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوە دژی ماددە سڕکەرەکانی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیم، بڵاویان کردەوە کە؛ لانیکەم ٤٠ هەزار میلیارد تمەن پارە لە بازرگانیی به ماددە سڕکەرەکانەوە لە ئێران، بە دەست دێت و هەروەها ساڵانە ١٦ تا ١٧ میلیارد تمەنیش لە ڕێگای قاچاغی ماددە سڕکەرەکانەوە پارە دەکەوێتە نێو بازارەوە.
ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها باسی لەوە کرد کە؛ هەندێک لە دام و دەزگاکان و هەندێ لە کارمەندانی حکوومەتییش دەستیان لە بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکانەوە هەیە.
هاشمی، ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوەش کردووە کە؛ بازرگانی بە ماددە سڕکەرەکانەوە لە هەر ٢٤ کاتژمێردا ١١٠ هەزار میلیارد تمەن زیان به ئابووریی ئێران دەگەیەنێت.
ناوبراو گوتویەتی کە، ئەگەر ئاماری تووشبووان بە ماددە سڕکەرەکان لە ئێراندا بە ٢ میلیۆن کەس مەزەندە بکەین، ئەو ڕێژەیە ساڵانە ٤٠ هەزار میلیارد تمەن زیان بە ئابووریی ئێران دەگەیەنن.
ئێران لە دراوسێیەتیی وڵاتی ئەفغانستان یەکێک لە شارێکانی ترانزیتی ماددە سرکەرەکان لە جیهان دایە، کە بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی ئەنجام دراوە، زیانەکانی بەکارهێنان و بەرهەمیهێنانی ماددە سڕکەرەکان لە ئێراندا ١٠ هەزار میلیارد تمەن مەزەندە دەکرێت، کە لەو ڕێژەیە سەدا ٤٧ی بەکارهێنەران، لە سەدا ٢٩ن کۆمەڵگا و لە سەدا ٢٤ی دامەزراوەکانی رێژیم زیانیان پێ دەگات.
پێشتریش ویکی لیکس لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووەوە کە؛ ڕێژیمی ئێران گەورەترین بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان لە جیهاندایە و سپای پاسداران تڕانزیتی ماددەی سڕکەر دەکات.
ئێران گەورەترین كڕیاری تریاكی ئەفغانستان و یەكێک لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی هێرۆئین لە جیهاندایە.