کەش و هەوای کرماشان و ورمێ مەترسیدار بووە

کوردستان میدیا: بەرپرسی ئیدارەی چاوەدێریی گشتی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە کە؛ " کرماشان لە ٥ مانگی سەرەتای ئەوساڵدا سەرجەم ٢٦ ڕۆژ، بە هۆی پیس بوونی هەوا، لە بارودۆخێکی مەترسیداردا بەسەری بردووە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، "سورەییا قوربانی" لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی "تەسنیم" لە پارێزگای کرماشان، ئاماژەی بەوە کردووە کە؛ لە ٥ مانگی سەرەتای ئەوساڵدا سەرجەم ٢٦ ڕۆژ، بە هۆی پیسی هەوا، لە بارودۆخێکی مەترسیداردا بەسەری بردووە و ٢٤ ڕۆژی لە بارودۆخی هۆشداری مەترسیدا بەسەری بردووە.
هەر لەم پێوەندییەدا، بەرپرسی ئیدارەی کەشناسیی ورمێ ڕایگەیاندووە کە؛ "لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەدا، کەش و هەوای باشووری پارێزگای ورمێ بەر شەپۆلی ئاخباران دەکەوێت".
ئەم کێشانە لە کاتێکدایە کە ڕێژیمی ئێران بۆ شەڕ لە سووریە و ئاژاوەگێری لە ناوچەکەدا لەسەر سەروەت و سامانی نەتەوەیی وڵات تەخشانوپەخشان دەکات، بەڵام هیچ هەوڵێک لەمەڕ خۆشبژیویی و تەندروستیی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکان کە سڵامەتییان لە مەترسیدایە نادرێت و هیچ بوودجەیەکی بۆ دابین ناکرێت و بایەخ بە کێشەکانیان نادرێت.