ڕەبیعی: ٧٥٠ میلیارد دۆلار داهاتمان هەبووە بەڵام پەراوێزنشینی وەکوو خۆی ماوەتەوە

کوردستان میدیا: عەلی ڕەبیعی، وەزیری کاری کۆماری ئیسلامی باسی لە داهاتی ٧٥٠ میلیارد دۆلاریی ئێران و چارەسەرنەکردنی کێشەی پەراوێزنشینەکان کرد.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی، ڕۆژی یەکشەممە عەلی ڕەبیعی لە کۆڕی "بیری هاوکاری" باسی لە داهاتی زۆر و زەوەندی نەوت لە ساڵانی ڕابردوودا کرد، کە ئەم داهاتە بۆ چارەسەرکردنی دیاردەی هەژاری و پەراوێزنشینەکان سەرف نەکراوە.
ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە؛ نەبوونی یاسایەکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە، هۆکاری سەرەکیی تەخشان و پەخشانە ماڵییەکان بووە، کە ڕێگر بوون لە کۆتاییهێنان بە دیاردەی "پەراوێزنشینی".
ناوبراو پێشتریش لە دانیشتنێکدا لە پارێزگای بوشێهر گووتبووی: لە ئێراندا دەیان میلیۆن کرێکاری پەراوێزنشینمان هەیە، کە هیچ سەرپەنایەکیان نییە و لە شەقامەکاندا ژیان بەسەر دەبەن.
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی لاوان، تەنیا لە شاری تاراندا ٣ میلیۆن پەراوێزنشین بوونیان هەیە و کۆی حەشیمەتی ئەم توێژە لە ئێران سنووری ١٥ میلیۆن کەسی تێپەڕاندووە، کە خاوەنی لەبارترین بەستێنن بۆ لادانە کۆمەڵایەتییەکان.