۱۳۹۵/۰۶/۲۷


گۆڵف نیوز: بەرجام هیچ خێرێکی بۆ ئێران نەبووە

گۆڵف نیوز: بەرجام هیچ خێرێکی بۆ ئێران نەبووە

کوردستان میدیا: بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "گۆڵف نیوز"، لە پاش ٨ مانگ لە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتننامەی ناوکیی ناسراو بە بەرجام، دەرکەوت کە ئێران هیچ قازانجێکی نەکردووە.
گۆڵف نیوز کە بە یەکێک لە گرینگترین و پڕفرۆشترین ڕۆژنامەکانی جیهانی عەرەب دەناسرێ، لە ڕاپۆرتێکی شیکارییانەدا باسی لە ڕێککەوتننامەی ناوکی و دەرەنجامەکانی کردووە و نووسیویەتی پاش تێپەڕینی ٨ مانگ لە جێبەجێ بوونی بەرجام، هێشتا ئێران هیچ قازانجێکی بەخۆوە نەبینیوە.


بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، واژۆکردنی بەرجام کە بەڕواڵەت بەمەبەستی باشتر کردنی دۆخی ئابووریی ئێران و باری گوزەرانی خەڵکی ئەم وڵاتە بوو، نەیتوانی هیچ یارمەتییەک بە گەشەی ئاڵووێرە بازرگانییەکان بکات.

لە ڕاپۆرتەکەی گۆڵف نیوزدا باس لە ئامادەنەبوونی بانکە گەورە جیهانی و نێونەتەوەییەکان بۆ سەرمایەدانان لە ئێران و ئاڵووێری دراو لەگەڵ ئەم وڵاتە کراوە، کە هۆکارەکەی بریتییە لە بوونی بەرنامەی مووشەکیی بالستیک، پشتیوانی لە تێرۆریزم و پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە، فڕانس پرێسیش نووسیویەتی: تەنیا هەندێک بانکی بچووک ئامادە بوون پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران ئاسایی بکەنەوە و بەپیچەوانەی هیوادارییەکی زۆری لێپرسراوانی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ کرانەوەی ئابووریی ئێران بەڕووی ئابوریی جیهانی، تا ئێستا هیچ ناوەندێکی ماڵی یان بانکێکی جیهانی جێگەی بڕوا ئامادە نەبووە تاپۆی تەحریمەکان بشکێنێت.

ئەگەرچی بەرجام واژۆ کراوە، بەڵام هەتا ئێستاش ١٨٠ کەسایەتی و دامەزراوەی ئێرانی لەوانە سپای پاسداران، وەزارەتخانەکانی بەرگری، ئیتلاعات و کۆمپانیاکانی درووست کردنی کەرەستەی شەڕ لەنێو لیستەی گەمارۆکانی ئامریکادان.

لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەی گۆڵف نیوزدا هاتووە: بۆ ئەوانەی کە هیوادار بوون ڕێککەوتنی ناوکی ببێتە هۆی نیزیک بوونەوەی پێوەندییەکانی ئێران و ڕۆژئاوا، ئەم هەواڵە ناهۆمێدی دەهێنێ.