نیگەرانییەکان لە بەرەبەری کرانەوەی قوتابخانەکان زیادیان کردووە

کوردستان میدیا: قوتابخانە و شوێنە نەشیاوەکانی دەرس خوێندن لە ئێران نیگەرانیی چالاکان و خەڵکی ئاسایی لێکەوتۆتەوە.
ڕۆژنامەی "شاخە سبز" لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە بوونی کۆمەڵێک "گەوڕ" لە گوندەکانی پارێزگای خوزستان کردووە کە وەک قوتابخانە کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە نوێنەری "ئیزە و باغمەلک" سەر بە پارێزگای خوزستان، لە مەجلیسی ڕێژیم باسی لە خراپیی دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی گوندەکان لەم پارێزگایە کردووە و وتوویەتی؛ هەتا ئێستاش لە گوندەکانی ئێمە شتێک بەناوی ڕێگەوبان بوونی نییە و خەڵک ناچارن بۆ نەخوێندەوار نەمانەوەی ڕۆڵەکانیان گەوڕ و شوێنی نەشیاوی دیکە بکەنە قوتابخانە و پۆلی خوێندن.
حەبیب خادەمی هەروەها وتوویەتی؛ ئەمە تەنیا بەشێکی بچووکە لەو تراژێدیایەی کە خەڵکی خوزستان لەگەڵی بەرەوڕوون.
لەلایەکی دیکەشەوە بەپێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، بەرپرسی گشتی نۆژەنکردنەوە«نەوسازی» و پەرەپێدانی پارێزگای لوڕستان، لە وتەیەکدا لە گەڵ میدیای ناوخۆیی ئێراندا، باسی لە هەبوونی زیاتر لە ۷٤ قوتابخانە کردووە کە بەشێکیان کەپرن و بەشێکیشیان بە خشتی کاڵ هەڵچنراون، هەروەها زۆرێک لە قوتابخانەکان بە بەرد هەڵچنراون و بە نایلۆن داپۆشراون.
هەر لەو پێوەندییەدا موحەممەد چگینی ئاماژەی بە بوونی٥۰ قوتابخانەی بە خشت هەڵچنراو لەم پارێزگایە کردووە.
پێشتریش ڕۆژنامەی "آرمان" لە زاری کارناسێکی وەزارەتی "پەروەردە و بارهێنان" بەناوی محەممەدڕەزا نیکنژادەوە بڵاوی کردەوە: ٣٠%ی قوتابخانەکانی ئێران لەحاڵی لەنێوچووندان و بەپێی ئامارەکان ٣٢ هەزار قوتابخانە لە ئێراندا کەڵکیان نەماوە و مەترسیی گیانیی بۆ سەر لانیکەم ٤ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار قوتابی و ٣٠٠ هەزار کادری ئامووزشی هەیە.
بەپێی لێدوانی ئەم کارناسە، دۆخی هەندێک لەم قوتابخانانە ئەوەندە خراپە کە ئەگەری هەیە بەسەر قوتابییەکاندا بڕووخێ و بۆ نۆژەن کردنەوەی هەر کامەیان لانیکەم ٣ میلیارد تمەن بودجە پێویستە؛ بەم پێیەش ٥٠ ساڵ کات پێویستە تاکوو هەموویان نۆژەن بکرێنەوە.
یەکێک لە بەرپرسانی زانستگەکانی حکوومەتی ئێران لە پارێزگای سنەش باسی لەوە کردووە کە؛ هیچ جۆرە سیاسەتێکی ڕاست و تۆکمە بۆ پەروەردە و بارهێنانی باڵا لە ئێراندا بوونی نیە و زانستەگان بوونەتە شوێنی چاپی بڕوانامە و کارخانەی بێکاران.