سپای پاسدارانی ڕێژیم کەڵکاژۆ لە منداڵانی بێدەرەتان وەردەگرێ

کوردستان میدیا: پیلانی نوێی پاسدارانی تێرۆریستی ڕێژیم لە ساڵی نوێی خوێندن کەڵکاژۆوەرگرتن لە منداڵی بنەماڵە کەم داهات و هەژارەکانە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ لە درێژەی سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ کەڵاژۆوەرگرتن لە منداڵانی بێدەرەتان و کەم داهات، سپای پاسداران لە چەندین شاری کوردستاندا سەرقاڵی کۆکردنەوەی ئەم منداڵانەیە و بەناوی پاڵپشتی کردن و خوێندن لە قوتابخانە هەوڵی بەلاڕێدابردنی مێشک و هزریان دەدات.
بەپێی ئەم هەواڵە لە ئێستادا کە ساڵی نوێی خوێندن دەستی پێکردووە ئەم هەوڵانە چڕتر بوونەتەوە.
چالاکانی سیاسی لەو باوەڕەدان کە ئەمە هەوڵێکە بۆ بارهێنان و پەروەردەکردنی نەسڵێکی گوێڕایەڵی ڕێژیم کە ساڵانێکی دوورودرێژە کۆماری ئیسلامی هەوڵی بۆ دەدات و ئەمجارەیان هەوڵ ددەدرێت منداڵان کەم داهات و هەژاری کۆمەڵگا بخرێنە نێو ئەم داوە.
ڕۆژنامەی "شرق" لە لێکۆڵینەوەیکی مەیدانیدا کە ٢ ساڵ پێش ئێستا ئەنجامەکەی ڕاگەیاندبوو ئاشکرای کردووە کە قوتابییەک ئەگەر بیهەوێ بەشێوەیەکی زۆر ئاسایی، لە قوتابخانەیەکی حکومەتی و بەدوور لە تێچووە زیادییەکان (واتە تەنیا بە دابین کردنی پەرتوک و تێنووس و پینووسەکان و جانتا و ... ) بچێتە قوتابخانە دەبێ ٧٠٠ هەزار تمەن پارە سەرف بکات؛ هەڵبەت ئەم تێچووانە جیاوازە لەو پارەی کە ناوەبەناوە لە ژێرناوی یارمەتی گەیاندن بە فلستین و منداڵانی سوریە و دابین کردنی سوتەمەنی و کڕینی کاغەزی ئیمتحان و هتد لە منداڵان وەردەگیرێ.
هەروەها ڕۆژنامەی "شاخە سبز" لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە بوونی کۆمەڵێک "گەوڕ" لە گوندەکانی پارێزگای خوزستان کردووە کە وەک قوتابخانە کەڵکی لێ وەردەگیرێت.