هەیئەتێکی کۆنسولخانەی ئامریکا سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد
کوردستان میدیا: هەیئەتێکی کۆنسولخانەی ئامریکا بە سەرپەرەستیی "جێف مازۆر" جێگری بەرپرسی بەشی سیاسیی کۆنسولخانەی ئامریکا لە هەولێر، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٠ی خەرمانانی ١٣٩٥ی هەتاوی، هەیئەتێکی کۆنسولخانەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە سەرپەرەستی جێف مازۆر(Jeff Mazur)، جێگری بەرپرسی بەشی سیاسیی کۆنسولخانەی ئامریکا لە هەولێر، سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد، و لە لایەن هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتەوە بە سەرپەرەستیی حەسەن شەرەفی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتەوە پێشوازییان لێ کرا.
لە دانیشتنێکی فەرمیدا، جێف مازۆر گوتی؛ سەردانی من بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی بیروڕایە لەسەر ڕەوشی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خەبات و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، و ئاستی شوێندانەریی ئەو خەباتە لە بەرانبەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و پێوەندیی خەباتی کورد بە گەلانی ئێران و لایەنە سیاسیییەکانی کورد و ئێران. ناوبراو گوتیشی؛ ئێمە لەو باوەڕەداین خەباتی ئێوە خەباتێکی سیاسی و ڕەوایە.
پاشان حەسەن شەرەفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، وێڕای بەخێرهاتنی گەرمی هەیئەتی کۆنسولخانەی ئامریکا و دەربڕینی خۆشحاڵی لەو سەردانی جێف مازۆر و هەیئەتی هاوڕێی، لەسەر خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و شوێندانەریی ئەرێنیی خەباتی حیزبی دێموکرات لەسەر پرۆسەی دێموکراسیخوازیی ئێران و گەلانی مافخوازی ئێران قسەی کرد.
شەرەفی هەروەها لەسەر ئامانجەکانی حیزبی دێموکرات، کە خەبات بۆ وەدیهێنانی ئازادی، دێموکراسی، دادپەروەری و دابین کردنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی ئێرانێکی ئازاد و دێموکرات و فێدراڵدایە، قسەی کرد.
جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە سیاسەتی ئاشتیخوازانەی حیزبی دێموکرات، و لە بەرانبەردا، سیاسەتی سەرکوت و زەبرو زەنگ و نکۆڵی کردن لە شوناسی نەتەوەکانی ئێران، و یەک لەوان گەلی کورد کرد و سەبارەت بە گرتنەبەر و درێژەدانی سیاسەتێکی تێرۆریستی لە لایەن ڕێژیمی ئێران و شەهیدکردنی ڕێبەرانی ئاشتیخواز و مافخوازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، و ئۆپۆزیسیونی ئێران قسەی کرد و ئاماژەی بە تێرۆری ڕێبەری مەزن د. قاسملوو لە وییەن و د. سادق شەرەفکەنی لە برلین کرد.
لە درێژەی باسەکەیدا؛ شەرەفی سیاسەتی مرۆڤدۆستانەی حیزبی دێموکرات و درێژەدان بە خەباتی ئەو حیزبە، بەپێی ڕێوشوێنی دیاریکراو، لەسەر پاراستنی بنەما مرۆییەکان، بۆ هەیئەتی دیپلوماسی ئامریکا شی کردەوە.
حەسەن شەرەفی هەروەها باسی حزووری هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هاوکاریی کۆمەڵانی خەڵک لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کرد و گوتی؛ حزووری ئێمە بووەتە هیوا و ئومید بۆ هەموو ئۆگرانی ئازادی و دێموکراسی، و بۆتە دڵگەرمی بۆ ڕۆڵەکانی کورد.
ناوبراو لەو پێوەندییەدا گوتی؛ هەر ئەوەیشە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو شێوەیەک دژی حیزبی دێموکرات ڕادەوەستێ و لە هێرشکردن بۆ سەر کادر و پێشمەرگەمان، لە ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی و گوشار خستنە سەر بنەماڵەی تێکۆشەرانی کورد بەردەوام بووە.
پاشان بەڕێز جێف مازۆر سپاسی حەسەن شەرەفی کرد بۆ ئەو باسە سیاسییە، و گوتی؛ ئێمە و هەموو کەسێکی ئازادیخواز پشتیوانی لە ئامانجە سیاسییەکانی ئێوە دەکەین، و هیوادارین بتوانین پێکەوە لە پێوەندیدا بین و بۆ خزمەت بە مرۆڤایەتی و سەقامگیریی ئاشتی و دێموکراسی و خەبات دژی تێرۆریزم پێکەوە کار بکەین.
لە کۆتاییدا حەسەن شەرەفی ئاماژەی بەوەدا کە؛ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرچاوەی تێرۆریزمە و ئێمە لە خەبات دژی ڕێژیم بەردەوامین و هیوادارین ئەو کەس و لایەنانەی دژی تێرۆریزم شەڕ دەکەن، یارمەتیدەرمان بن.
پاشان شەرەفی پێداگری لەسەر درێژەدان بە خەبات کرد، و جێف مازۆر هیوای سەرکەوتنی بۆ هەموو ئەو کەس و لایەنانە خواست کە دژی تێرۆریزم خەبات دەکەن، و خەبات بۆ ئازادی و دێموکراسی دەکەن.