۱۳۹۵/۰۵/۲۴


پۆلیسی تاران دەستی بەسەر زیاتر لە چوار هەزار و چوارسەد دووکانی جل و بەرگدا گرتووە


پۆلیسی تاران دەستی بەسەر  زیاتر لە چوار هەزار و چوارسەد  دووکانی جل و بەرگدا گرتووە

کوردستان میدیا: فەرماندەی هێزی ئینتزامیی تاران، باسی لە داخستنی زیاتر لە چوار هەزار و چوارسەد شوێنی جل و بەرگ فرۆشی کرد کە بە جل و بەرگی سووک و نەشیاو و پێچەوانەی کولتووری کۆمەڵگا ناودێری کرد. 
حسێن ساجدی نیا، ڕۆژی هەینی لە دانیشتنێکدا لەگەل دادستانی تاران و دامودەزگانی بەرێوەبەریی و سیاسەتدانانی پێوەندیدار بە خەسارە کۆمەڵایەتیەکان، وتوویەتی کە؛ هێزی ئینتزامی لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە چوار هەزار و چوارسەد دووکانی جل و بەرگ فرۆشی کە کاڵاکانیان سووک و نەشیاو و پێچەوانەی کلتووری کۆمەڵگا بووە، داخستووە. 


ساجدی هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە بارودۆخی ئیستای حێجاب، شایانی کۆمەڵگای ئێسلامی نیە و ئەگەر چاوێک بە شێوەی حێجاب لە پازدە ساڵی ڕابردوودا بخشێنینەوە، دەبینن کە دۆخ و شێوازی حێجاب ڕۆژ لەگەل ڕۆژ خراپتر بووە . 

قسەکانی فەرماندەی هێزی نیزامیی تاران لە کاتێکدایە کە ماوەیەک پێش، دادستانی گشتیی تاران فرۆشتنی جل و بەرگی بە هەندێک تەرح و دیزان کە بە وتەی ناوبراو لە لایەن گرووپە فاسد و لە ڕێ لادراوەکانەوە ئامادە دەکرێت، بە تاوان لە قەڵەم دا و داوای لە هێزی ئینیزامی کرد کە بە هاوکاریی ڕێکخراوە سنفییەکان، ئەو فرۆشگایانەی کە بە وتەی ئەو، تخلوفات و تاوانی ئاشکرایان هەیە، دابخەن. 

ئەوە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەو شەرواڵ و مانتۆیانەی کە بە پیتی لاتینی لە سەریان نووسراوە، هەموویان لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە کۆ کراونەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە ئەمانە بە شێوەی نایاسایی هەتوونەتە نێو خاکی ئێرانەوە. لە گەڵ ئەوەشدا، بەشێک لە بەرپرسانی سەندیکاکانی پۆشاک فرۆشەکان، ڕایانگەیاندووە کە ئەو شێوە جل و بەرگە لەلایەن هەندێک کۆمپانیای نێوخۆیی ئێران، بە کۆپی کردن لە نموونە ئورووپاییەکان، بەرهەم هێنراون .